هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ڕۆژانە نزیكەی 5 ملیۆن دۆلاری زیانی بە هاووڵاتییانی کوردستان گەیاندووە
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەیەکی باڵاوە دەست کەوتووە، هێرۆ برایم ئەحمەد داوای لە حەیدەر عەبادی كردووە، ناردنی نەوتی كێڵگەكانی (بابەگوڕگور، خەبازە و چەمەبۆر) لە ڕێگەی هەرێمی كوردستانەوە بۆ بەندەری جەیهان رابگیرێت و لەلایەن عەبادیشەوە جێبەجێكراوە.
سەرچاوەكە ئەوەشی ڕاگەیاند، بە هۆی ئەوەی ناوەندە نێودەوڵەتییەكان و حکوومەتی هەرێمی كوردستان ڕێگەیان نەداوە كە هێرۆ برایم ئەحمەد نەوتی كێڵگەكانی (بابەگوڕگور، خەبازە و چەمەبۆر) لە رێگەی تانكەرەوە بە ئێران بفرۆشێت، داوای لە عەبادی کردوە، هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆڕیی نەوتی کوردستانەوە بۆ تورکیا ڕابگیرێت و بەو هۆیەشەوە ماوەی 5 مانگ هەناردەکردنەکە وەستاوە.
سەرچاوەكە ئەوەشی ئاشکرا کرد، لە ئەنجامی راگرتنی ناردنی نەوتی كەركووك لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە، بۆ ماوەی 5 مانگ، واتە لە 13ی ئاداری 2016وە، ڕۆژانە هەرێمی کوردستان نزیكەی 5 ملیۆن دۆلار زیانی بەر کەوتووە کە “دواجار هاووڵاتییان ئەم زیانەیان بەرکەوتووە و بڕیارەکە باری ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشی زۆر قورستر كردووە”.
لە دوایین سەردانیدا بۆ بەغدا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حکوومەتی هەرێمی كوردستان و حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، لەسەر ئەوە ڕێککەوت كە دەست بكرێت بە ناردنی نەوت لە كێڵگەكانی (بابەگوڕگور، خەبازە و چەمەبۆر) لە كەركووك و لە ڕێگەی بۆڕیی نەوتی كوردستانەوە.
باسنیوز
