حەنان فەتلاوی: مەسرور بارزانی لەسەر ڕێچکەی باوکی دەڕوات

 حەنان فەتلاوی: مەسرور بارزانی لەسەر ڕێچکەی باوکی دەڕوات
ژنە پەرلەمانتارێکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا ڕای گەیاند، ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، لەسەر ڕێکچەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئێستا بۆ ڕیفراندۆم بە گونجاو دەزانێت.

ڕۆژی سێشەممە 30\8\2016، حەنان فەتلاوی، سەرۆکی بزووتنەوەی ئیرادە و یەکێک لەو کەسانەی کە لە نووری مالیکی، سەرۆکی حزبی دەعوەی ئیسلامییەوە نزیکە، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) بڵاوی کردووەتەوە: ”مەسرور بارزانی لەسەر ڕێچکەی باوکی ڕای دەگەیەنێت، ئێستا کاتێکی گونجاوە بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم“.

فەتلاوی بە باشی زانیوە، لەمەودوا بەغدا مامەڵە لەگەڵ سلێمانی بکات و سلێمانی وەک جێگرەوەی هەولێر تەماشا بکات، لەمبارەیەشەوە نووسیویەتی: ”باشترە بۆ عێراق و کورد، مامەڵە لەگەڵ سلێمانی بکرێت، چونکە سلێمانی نوێنەرایەتیی میانڕەوی دەکات، وەک بەدیلی هەولێر“.

ئەم قسانەی فەتلاوی لە کاتێکدایە کە پێشتر نووری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق ڕای گەیاندبوو: ”یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، بە ئاراستەی سەربەخۆیی کوردستان ناڕۆن“.












باسنيوز
Top