وەزیرى کشتوکاڵ: جێبەجێکردنی یاساى باج لەسەر کاڵاى هاوردە بێزاریی جوتیارانی پێنجوێنی لێکەوتەوە
ئەمشەو ٣٠ى ئابی ٢٠١٦ عەبدولستار مەجید وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە حکومەتى هەرێمى کوردستان پەیامێکى سەبارەت بە ڕووداوەکەی ئەمڕۆی قەزای پێنجوێن بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند "ئێمە لە وەزارەتی کشتوکاڵ ھەستمان بە کەمتەرخەمیی کردووە لە خاڵە سنووریەکان و زانیومانە کە ھەندێکجار چاوپۆشی لە وەرگرتنی باج لەسەر بەرھەمی ھاوردە کراوە و زۆر جاریش لە بەقاچاخ ھێنانی بەرھەمی کشتوکاڵیی بیانی بۆ ناو ھەرێمی کوردستان".
عەبدولستار مەجید لە پەیامەکەیدا ڕاشیگەیاندووە "ئێمە چەندین جار وەزارەتی ناوخۆمان لەو پێشێلکاریی و کەمتەرخەمییە ئاگادارکردووەتەوە و لە سەردانیشماندا بۆ یەکە ئیدارییەکان، لەگەڵ بەرپرسی ئەو یەکە ئیدارییانە زۆر جەختمان لەوە کردوەتەوە کە نابێت چاوپۆشی لەکەس بکرێت و ناشکرێت بەرھەمی ھاوردەی ھیچ کەسێک بە بێ باچ تێپەڕ ببێت".
لە بەشێکى ترى پەیامەکەى وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو لە حکومەتى هەرێمدا باسى ئەوەش کراوە "ئێمە دوو ساڵە سیستمی باجمان لەسەر بەرھەمە کشتوکاڵییە بیانییەکان کە دێنە ناو ھەرێم داناوە و ئێستاش بەردەوامین، دڵنیاشین لەوەی کە ئەگەر ئەو سیستمە بە وردی و وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، نە جوتیاران نیگەران دەبن لەوەی بەرھەمەکانیان ساغ نابێتەوە، نە خەڵکی کوردستانیش گلەیی لە گرانبوونی نرخی بەرھەمە کشتوکاڵییەکان دەکات".
لە درێژەى پەیامەکەى وەزیرى کشتوکاڵدا ئەوەش خراوەتەڕوو "گوێ نەدان بە جێبەجێکردنی ڕێنمایی و یاساکان و ئاسانکاریی بۆ ئەنجامدانی سەرپێچی ھەر ھاوشێوەی ئەو ڕووداوەی لێدەکەوێتەوە کە ئەمڕۆ بەھۆی دڵگەرمیی و بێزاریی بەشێک لە برا جوتیارەکانەوە لە قەزای پێنجوێن ڕوویدا، تەنھا چارەسەریش جێبەجێکردنی وردی ئەو سیستمەیە کە وەزارەتی کشتوکاڵ دایناوە و ئەرکی وەزارەتی ناوخۆشە کە چاودێریی خاڵە سنووریەکان چڕتربکاتەوە و رێگە بە پێشێلکاریی نەدات".
عەبدولستار مەجید ئاماژەى بەوەشکردووە "پێشمانوایە ڕێگرتن و قەدەغەکردنی یەکجاریی ھاوردە لە بریی چارەسەر بۆخۆی دەبێتە گرفت و نرخی بەرھەمی ناوخۆ بەڕێژەیەک بەرزدەبێتەوە کە دەبێتە ئەرکێکی دیکەی قورس لەم قەیرانە داراییەدا لەسەر کۆی گشتیی خەڵکی کوردستان، بۆیە باشترین چارەسەر پەیڕەوکردنی (وەک خۆی) سیستمی باجە لەسەر بەرھەمی ھاوردە لە خاڵە سنووریەکان کە ئەرکی سەرەکی و کۆتایی وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی دارایی و ئاسایشە لە خاڵە سنوورییەکان".
عەبدولستار مەجید وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە جوتیارانى وتووە "دەستی زبری یەک بەیەکی جوتیارانی کوردستان دەگوشم و ماندوو نەبن و خوای گەورەش بەرەکەت بخاتە بەرھەمتانەوە و لە سایەی ماندووبوونی ئێوەشەوە کوردستان ھەمیشە ئاوەدان بێت".
ئەوەش لە کاتێکدایە ئەمڕۆ ژمارەیەک لە جوتیارانى سنوورى پێنجوێن لە دژى هاوردەکردنى کاڵاى بیانى لە خاڵى سنوورى باشماخەوە بۆ هەرێم خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داوایان کرد بۆ ماوەى دوو مانگ هاوردەکردنى کاڵاى بیانى قەدەغە بکرێت.
دوابەدواى خۆپیشاندانەکە، بەرپرسانى ئیداریى قەزاى پێنجوێن و نوێنەرى جوتیارە ناڕازییەکان لەسەر ئەوە ڕێککەوتن کە بۆماوەى مانگێک هاوردەکردنى تەماتە لە سنوورى باشماخەوە ڕابگیرێت.
NRT -
