هاووڵاتییەک دوو جار نەشتەرگەریى ئینزیلاقى بۆ کراوە بە بێ ئەوەى ئینیزلاقى بێت
ھەڤاڵ فریاد تەمەن ٣٢ ساڵ هاوڵاتییەکى دانیشتوی کۆییە، وەک خۆى دەڵێت، پێنج مانگ بەر لەئێستا بە مەبەستی چارەسەرکردنی ئازاری گورچیلەی دەجێتە لای پزیشک و دەرزی ئازار شکێنی بۆ دەکرێت.
لەدوای چەند ڕۆژیک، ئازار لە شوێنی دەرزییەکە دروست دەبێت و جارێکی دیکە بەمەبستی وەرگرتنی چارەسەر دەچێتەوە لای پزیشک، بەڵام ئەمجارە دوای پشکنین، پزیشک پێ دەڵێت، دەبێت نەشتەرگەریی پشتت بۆ بکرێت، "چونکە تۆ ئینزیلاقتە" و نەشتەرگەریی بۆ دەکرێت.
دوای سێ مانگ لە نەشتەرگەرییەکە ئازارەکە بەردەوام دەبێت و بۆ جاری دووەم نەشتەرگەریی بۆ دەکەنەوە.
بەڵام ئێستا ھەڤاڵ فریاد دەڵێت، لە دوای پێنج مانگ بەپێی پشکنینە پزیشکیەکان دەرکەوتووە نە ئینزیلاقی ھەیە و نە پشت ئێشە، بەڵکو نەشتەرگەرییەکانی بەھەڵە بۆکراوە، چونکە ئەو دەرزیەی کە یەکەمجار بۆ شکاندی ئازاری گورچیلە بۆی کراوە بەھەڵە بەر دەماری کەوتووە.
لەو کاتەوەی ھەڤاڵ نەشتەرگەرییەکەی بۆ کراوە، بەوتەی خۆی تائێستا ٢٠ تیشکی ڕەنینی بۆ گیراوە کە ھەر دانەیەک بە ١٦٥ ھەزار دینار بووە.
ئێستا ھەڤاڵ سکاڵای لە وەزارەتی تەندروستی تۆمارکردووە، بەڵام بەوتەی خۆی لەناو وەزارەتی تەندروستی داوایان لێکردووە کێشەکەی بەڕێگای کۆمەڵایەتی چارەسەر بکات باشترە تا لە ڕێگای وەزارەتەوە.
بەڵام بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستیش دەڵێن، ئەوان بۆ ھەموو حاڵەتێکی لەو جۆرە لیژنە پێکدەھێنن و بەدواداچوونی بۆ دەکەن.
ئەوە بۆ جاری یەکەم نییە لەهەرێم هەڵەی پزیشکی ڕوودەدات، پێشتریش چەندین هەڵەی پزیشکی وەک دەستنیشانکردنی نەخۆشى بەهەڵە و بەجێهێشتنی کەلوپەلی پزیشکی لە جەستەى نەخۆش و لێدانی دەرزی و پێدانی دەرمان بەهەڵە ڕوویانداوە و لە ئاکامدا چەندین هاوڵاتی بوونەتە قوربانی.
NRT-
