پەرلەمانتارێكی پارتی: وەرگرتنەوەی متمانە لە هۆشیار زێباری كۆتایی دونیا نییە
عەرەفات كەرەم، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق (بە تۆڕی میدیایی رووداوی) راگەیاند، جوڵاندنی دۆسیەی سەندنەوەی متمانە لە وەزیری دارایی سیاسییە و بۆ پەراوێزخستنی كوردە،" سەپاندنی ئیرادەیە لە لایەن گرووپێك بە ناوی چاكسازی كە خۆیان لە گەندەڵی نقومبوون".
عەرەفات كەرەم گوتیشی "بە لای پارتی لابردنی زێباری كۆتایی دونیا نییە، بەڵام پێویستە لێپرسینەوەو سەندنەوەی متمانە پیشەیی و یاساییانە بەڕێوەبچێت، بابەتەكە تەنیا پەیوەست نییە بە زێباری و كورد، بەڵكو ئەو پرۆسەیە بە لابردنی وەزیرانی بەرگری و دارایی دەستپێدەكات و بە لابردنی حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیران و فوئاد مەعسووم سەرۆككۆمار كۆتایی دێت".
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی پێیوایە، ئەوان ناتوانن رێگە لە واژۆی ئەو 100 پەرلەمانتارە بۆ لێسەندنەوەی متمانە لە هۆشیار زێباری بگرن و دەڵێت "ئێمە ئومێد دەكەین دەنگدان لەسەر وەڵامەكانی وەزیری دارایی دووبارە بكرێتەوە، چونكە ئەو رۆژە فراكسیۆنی پارتی لە دەرەوەی هۆڵی پەرلەمان و كەشوهەوای سیاسی نێو پەرلەمانیش لەبارنەبوو".
ئەمین بەكر، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بە راوێژ لەگەڵ سەرۆك فراكسیۆنەكان كارنامەی دانیشتنەكان دادەنێن، بۆیە ئەگەر بیانەوێ دەتوانن پرسی لێسەندنەوەی متمانە لە وەزیری دارایی نەخەنە كارنامەكەوە، بەڵام بە هۆی بوونی 100 واژۆی پەرلەمانتاران هەر دەبێت ئەو پرسە بخرێتە كارنامەی دانیشتنەكانەوە.
ئەمین بەكر، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان دەشڵێت، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان 50 واژۆی پەرلەمانتاران بەسە بۆ ئەوەی بابەتێك بخرێتە نێو كارنامەكە، لە پرسی لێسەندنەوەی متمانە لە وەزیری دارایش نەك 50 پەرلەمانتار بەڵكو 100 كەس واژۆیان كردووە كە هیچ پەرلەمانتارێكی كوردی تێدا نییە.
لە دانیشتنی رۆژی 25-8-2016 پەرلەمانی عێراق لێپرسینەوە لە هۆشیار زێباری، وەزیری دارایی عێراق كرا، كە تێیدا 12 پرسیاری ئاراسە كرابوو.
رۆژی27-8-2016ی پەرلەمانی عێراق، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان وەڵامەکانی زێباری رەتکرانەوە، بە هۆیەوە شەڕ لە نێوان هەر یەك لە شاخەوان عەبدوڵڵا، پەرلەمانتاری پارتی و هەیسەم جبووری، سەرۆكی فراكسیۆنی كەفائات دروستبوو، دوای نیو كاژێریش جارێكی دیكە شەڕ لە نێوان ئەشواق جاف، پەرلەمانتاری پارتی و عەواتف نیعمە، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا دروستبوو.
