ئەردۆغان و وەزارەتى دەرەوەى تورکیا: ئۆپراسیۆنەکان لە سوریا بەردەوام دەبن

ئەردۆغان و وەزارەتى دەرەوەى تورکیا: ئۆپراسیۆنەکان لە سوریا بەردەوام دەبن
لە دواى بڵاوبوونەوەى هەواڵى ئاگربەست لە نێوان شەڕڤانان و سوپاى تورکیا لە جەرابلوس ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا و وەزارەتى دەرەوەى ئەنقەرە ڕایانگەیاند، بەردەوام دەبن لە ئۆپراسیۆنەکانیان لە سوریا.



ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا ئێوارەى ئەمڕۆ ٣٠ى ئابی ٢٠١٦ ڕایگەیاند، وڵاتەکەى لە چوارچێوەى یاسادا لە شەڕى دژ بە سەرجەم گروپە "تیرۆریستییەکان" بەردەوام دەبێت، بەبێ ئەوەى ناوى ئەو گروپانە بهێنێت کە مەبەستییەتى.



لەلایەکى دیکەوە هەر ئێوارەى ئەمڕۆ وەزارەتى دەرەوەى تورکیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ئۆپراسیۆنەکانى سوپاى تورکیا لە خاکى سوریادا بەردەوام دەبێت تا کۆتایهێنان بە سەرجەم ئەو هەڕەشە سەربازییانە کە لەسەر ئاسایشى تورکیان.



وتەکانى ئەردۆغان و بەیاننامەکەى وەزارەتى دەرەوەى تورکیا دواى ئەوە دێت، ئەمڕۆ ئاگربەستى کاتى لە نێوان سوپاى تورکیا و هەر دوو ئەنجومەنى سەربازیى جەرابلوس و منبجدا ڕاگەیەندرا، بەڵام چەند سەرچاوەیەکى سەربازیى تورکیا ڕەتیانکردەوە کە لەگەڵ کورد دا ڕێککەوتنیان لەسەر ئاگربەست کردبێت.



بەڵام بەرپرسانى سەربازیى کورد لە ڕۆژئاواى کوردستان باس لەوە دەکەن کە تا ئێستا ئاگربەستەکە خۆى گرتووە و بەردەوامە.



لەلایەکى دیکەوە سوپاى تورکیا ڕایگەیاند، بەهۆى بە ئامانج گرتنى تانکێکیانەوە لە ڕۆژئاواى شارۆچکەى جەرابلوس سێ سەربازییان برینداربوون، بەبێ ئەوەى ئاشکرایبکات چ لایەنێک هێرشى کردووەتە سەر تانکەکە.



لە دواى بڵاوبوونەوەى هەواڵى ئاگربەست لە نێوان شەڕڤانان و سوپاى تورکیا لە جەرابلوس، ئەنجوومەنى سەربازیى جەرابلوس ڕایگەیاند، ئاگربەستەکە بە ناوبژیوانیى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى بووە و ئاگربەستەکەش بەو مانایە نییە داگیرکاریى تورکیا لە جەرابلوس قبوڵ دەکەن.



کاردانەوەکان بەرامبەر بە هێرشەکەى تورکیا بۆ سەر جەرابلوس



هێزە تایبەتەکانى تورکیا ڕۆژی ٢٤ى ئابی ٢٠١٦ بەپشتیوانى فڕۆکە جەنگییەکانى تورکیا، تانک و زرێپۆش و لەگەڵ گروپە چەکدارەکانى سەر بە تورکیادا هێرشیان کردە سەر جەرابلوس لە ڕۆژئاواى کوردستان.



ئەو هێرشەى سوپاى تورکیا و گروپە چەکدارەکانى سەر بە تورکیا بووە هۆى ڕوودانى چەندین پێکدادان لە نێوان شەڕڤانان و سوپاى تورکیا و ئەو گروپە چەکدارانەدا و لە بەردەوامیى بەرەنگاریى شەڕڤانانى ئەنجوومەنى سەربازیى جەرابلوس بەرامبەر بە هێرشەکەى سوپاى تورکیا و گروپە چەکدارەکانى سەر بە ئەنقەرە، شەوى ٢٧ى ئابی ٢٠١٦ سێ تانکى سوپاى تورکیا لەلایەن شەڕڤانانەوە لە باشوورى جەرابلوس تەقێنرانەوە و ڤیدیۆى چۆنیەتیى هێرشکردنە سەر تانکەکانى تورکیا و تەقاندنەوەیان بڵاوکرایەوە.



ئەو پێشهاتە لە کاتێکدایە ڕۆژی ٢٨ى ئابی ٢٠١٦ میر عەلى ئەحمەد عوسمان فەرماندەى کەتیبەى سوڵتان موراد کە لەلایەن حکومەتى تورکیاوە پشتیوانیى لێدەکرێت ڕایگەیاند، لە ماوەى چەند ڕۆژدا شارى منبج کۆنتڕۆڵ دەکەن و لە دواى کۆنتڕۆڵکردنى منبج بەرەو باب و مارع پێشڕەوى دەکەن.



ڕۆژى ٢٨ى ئابی ٢٠١٦ ڕۆژنامەى دی وێڵتى ئەڵمانى بڵاویکردبووە، ئامانجى ئەردۆغان لە ئۆپراسیۆن بۆ سەر سوریا بۆ لەناو بردنى کوردە و هەوڵەکانى ئەردۆغان بنەماکانى ستراتیژییەکى بەرفراوانى تێدا نییە و ئەردۆغان تەنها دەوێت لە دۆخە دژوارەکە هەڵبێت. ئەوەش بووەتە هۆى ئەوە دۆخەکە بۆ ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و ئەوروپاش بچێتە قۆناغێکى مەترسیدارەوە.



هەروەها لەو ڕۆژەدا هەفتەنامەى دێر شپیگڵى ئەڵمانى بڵاویکردەوە، ئامانجى ئۆپراسیۆنەکەى تورکیا دژایەتیکردنى کورد و داگیرکارییەکى درێژخایەنە و داعش کراوەتە بیانو و کورد کراوەتە ئامانج، چونکە تورکیا ماوەى سێ ساڵ لە بەرامبەر داعشدا بێدەنگ بووە، بەڵام ئەوەش دەبێتە هۆى ئەوەى دۆخى سوریا زیاتر ئاڵۆز بێت.



ئێوارەى ڕۆژی ٢٨ى ئابی ٢٠١٦ بەرپرسێکى باڵا لە ڕۆژئاواى کوردستانەوە بە ئێن ئاڕ تیی ڕایگەیاند "ئەمەریکا چۆن سنووری بۆ ئێمە داناوە بەوشێوەیەش سنووری بۆ تورکیاش داناوە".



لە بەردەوامیى پێشهاتەکانى ئۆپراسیۆنەکەى تورکیا بۆ سەر جەرابلوس وەزارەتى بەرگریى ئەمەریکا (پنتاگۆن) شەوى ٢٨ى ئابی ٢٠١٦ بە ئێن ئاڕ تیى ڕاگەیاند "ئێمە ئاگاداری هەستیاری تورکیاین سەبارەت بەبوونی کورد لەناو هێزەکانی سوریای دیموکراتیکدا و لە ئێستادا لە گفتوگۆداین لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا و نوێنەرانی کورد بۆ کۆتایهێنان بە ئاڵۆزییەکان و چارەسەرکردنی ئاڵۆزییەکان".



هێرشى تورکیا بۆ سەر جەرابلوس کاردانەوەى جۆراجۆرى لێکەوتەوە و فرانک شتان مایه‌ر وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا دوێنێ ٢٩ى ئابی ٢٠١٦ هۆشداری دایه‌ تورکیا که‌ هێرش نه‌کاته‌ سه‌ر کورده‌کان له ڕۆژئاوا.



هەورەها دوێنێ پتر کوک وتەبێژی وەزارەتى بەرگریى ئەمەریکا (پنتاگۆن) ڕایگەیاند، شەڕی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و هێزەکانی تورکیا جێگەی قبوڵکردن نییە.



هاوکات ژان مارک ئایرۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا وتی "کورده‌کان دژی داعشن و زۆر چالاک و به‌هێزن له‌ جه‌نگی دژ به‌ داعش‌. پێویسته‌ تورکیا ئۆپراسیۆنه‌کانی له‌ جه‌رابلوس و باکوری سوریا دژ به‌ داعش بێت و هێرش نه‌کاته‌ سه‌ر کورد".



ئاژانسى هەواڵى سپوتنیکیش بڵاویکردووەتەوە، یەپەگە ژمارەیەکى زۆر چەک و شەڕڤانى لەبەرى ڕۆژهەڵاتى ڕووبارى فوراتەوە ڕەوانەى منبج کردووە تاوەکو پێگەى شەڕڤانان لە منبج و باشوورى جەرابلوس بەهێزتر بکات.
NRT -
Top