ئەنجومەنى سەربازیى جەرابلوس: ئاگربەست لەگەڵ تورکیا بە ماناى ئەوە نییە داگیرکاریى تورکیا قبوڵ بکەین
سەرەتاى ئەمشەو ٣٠ى ئابی ٢٠١٦ فەرماندەیى گشتیى ئەنجومەنى سەربازیى جەرابلوس لەبارەى ئاگربەستەکەیان لەگەڵ سوپاى تورکیا لە جەرابلوس ڕاگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە "لە دواى ڕاوێژکارییەکان لەگەڵ هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى بە سەرۆکایەتیى ئەمریکا و بۆ ڕاوەستاندنى گۆمى خوێن و پاراستنى هاووڵاتیان لە شەڕى سوپاى تورکیا، بە پشتیوانیى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى گەیشتین بەوەى ئاگربەست ڕابگەیەنین".
لە ڕاگەیاندراوەکەى فەرماندەیى گشتیى ئەنجوومەنى سەربازیى جەرابلوسدا ئەوەش هاتووە "ئەم ئاگربەستە لە نیوە شەوی ڕابردووە لە سنوورى ڕووبارى ساجور لەگەڵ سوپاى تورکیا داگیرکەرى تورکیا چووەتە بوارى جێبەجێکردنەوە".
لە بەشێکى ترى ڕاگەیاندراوەکەى ئەنجوومەنى سەربازیى جەرابلوسدا باسى ئەوەشکراوە "ئەو لایەنەى کە پشتیوانى لە ئاگربەستەکە دەکات، داواى ئەوە دەکات کە ئاگربەستەکە بکرێتە ئاگربەستێ:ى هەمیشەیى".
لە کۆتایى ڕاگەیاندراوەکەى ئەنجوومەنى سەربازیى جەرابلوسدا ئەوەش خراوەتەڕوو "ئێمە بۆ هەموانى ڕادەگەیەنین، کە ئاگربەست بەو مانایە نییە کە داگیرکردنى شارى جەرابلوس لەلایەن تورکیاوە قبوڵ دەکەین".
کاردانەوەکان بەرامبەر بە هێرشەکەى تورکیا بۆ سەر جەرابلوس
هێزە تایبەتەکانى تورکیا ڕۆژی ٢٤ى ئابی ٢٠١٦ بەپشتیوانى فڕۆکە جەنگییەکانى تورکیا، تانک و زرێپۆش و لەگەڵ گروپە چەکدارەکانى سەر بە تورکیادا هێرشیان کردە سەر جەرابلوس لە ڕۆژئاواى کوردستان.
ئەو هێرشەى سوپاى تورکیا و گروپە چەکدارەکانى سەر بە تورکیا بووە هۆى ڕوودانى چەندین پێکدادان لە نێوان شەڕڤانان و سوپاى تورکیا و ئەو گروپە چەکدارانەدا و لە بەردەوامیى بەرەنگاریى شەڕڤانانى ئەنجوومەنى سەربازیى جەرابلوس بەرامبەر بە هێرشەکەى سوپاى تورکیا و گروپە چەکدارەکانى سەر بە ئەنقەرە، شەوى ٢٧ى ئابی ٢٠١٦ سێ تانکى سوپاى تورکیا لەلایەن شەڕڤانانەوە لە باشوورى جەرابلوس تەقێنرانەوە و ڤیدیۆى چۆنیەتیى هێرشکردنە سەر تانکەکانى تورکیا و تەقاندنەوەیان بڵاوکرایەوە.
ئەو پێشهاتە لە کاتێکدایە ڕۆژی ٢٨ى ئابی ٢٠١٦ میر عەلى ئەحمەد عوسمان فەرماندەى کەتیبەى سوڵتان موراد کە لەلایەن حکومەتى تورکیاوە پشتیوانیى لێدەکرێت ڕایگەیاند، لە ماوەى چەند ڕۆژدا شارى منبج کۆنتڕۆڵ دەکەن و لە دواى کۆنتڕۆڵکردنى منبج بەرەو باب و مارع پێشڕەوى دەکەن.
ڕۆژى ٢٨ى ئابی ٢٠١٦ ڕۆژنامەى دی وێڵتى ئەڵمانى بڵاویکردبووە، ئامانجى ئەردۆغان لە ئۆپراسیۆن بۆ سەر سوریا بۆ لەناو بردنى کوردە و هەوڵەکانى ئەردۆغان بنەماکانى ستراتیژییەکى بەرفراوانى تێدا نییە و ئەردۆغان تەنها دەوێت لە دۆخە دژوارەکە هەڵبێت. ئەوەش بووەتە هۆى ئەوە دۆخەکە بۆ ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و ئەوروپاش بچێتە قۆناغێکى مەترسیدارەوە.
هەروەها لەو ڕۆژەدا هەفتەنامەى دێر شپیگڵى ئەڵمانى بڵاویکردەوە، ئامانجى ئۆپراسیۆنەکەى تورکیا دژایەتیکردنى کورد و داگیرکارییەکى درێژخایەنە و داعش کراوەتە بیانو و کورد کراوەتە ئامانج، چونکە تورکیا ماوەى سێ ساڵ لە بەرامبەر داعشدا بێدەنگ بووە، بەڵام ئەوەش دەبێتە هۆى ئەوەى دۆخى سوریا زیاتر ئاڵۆز بێت.
ئێوارەى ڕۆژی ٢٨ى ئابی ٢٠١٦ بەرپرسێکى باڵا لە ڕۆژئاواى کوردستانەوە بە ئێن ئاڕ تیی ڕایگەیاند "ئەمەریکا چۆن سنووری بۆ ئێمە داناوە بەوشێوەیەش سنووری بۆ تورکیاش داناوە".
لە بەردەوامیى پێشهاتەکانى ئۆپراسیۆنەکەى تورکیا بۆ سەر جەرابلوس وەزارەتى بەرگریى ئەمەریکا (پنتاگۆن) شەوى ٢٨ى ئابی ٢٠١٦ بە ئێن ئاڕ تیى ڕاگەیاند "ئێمە ئاگاداری هەستیاری تورکیاین سەبارەت بەبوونی کورد لەناو هێزەکانی سوریای دیموکراتیکدا و لە ئێستادا لە گفتوگۆداین لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا و نوێنەرانی کورد بۆ کۆتایهێنان بە ئاڵۆزییەکان و چارەسەرکردنی ئاڵۆزییەکان".
هێرشى تورکیا بۆ سەر جەرابلوس کاردانەوەى جۆراجۆرى لێکەوتەوە و فرانک شتان مایهر وهزیری دهرهوهی ئهڵمانیا دوێنێ ٢٩ى ئابی ٢٠١٦ هۆشداریی دایه تورکیا که هێرش نهکاته سهر کوردهکان له ڕۆژئاوا.
هەورەها دوێنێ پتر کوک وتەبێژی وەزارەتى بەرگریى ئەمەریکا (پنتاگۆن) ڕایگەیاند، شەڕی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و هێزەکانی تورکیا جێگەی قبوڵکردن نییە.
هاوکات ژان مارک ئایرۆ وهزیری دهرهوهی فهڕهنسا وتی "کوردهکان دژی داعشن و زۆر چالاک و بههێزن له جهنگی دژ به داعش. پێویسته تورکیا ئۆپراسیۆنهکانی له جهرابلوس و باکوری سوریا دژ به داعش بێت و هێرش نهکاته سهر کورد".
ئاژانسى هەواڵى سپوتنیکیش بڵاویکردووەتەوە، یەپەگە ژمارەیەکى زۆر چەک و شەڕڤانى لەبەرى ڕۆژهەڵاتى ڕووبارى فوراتەوە ڕەوانەى منبج کردووە تاوەکو پێگەى شەڕڤانان لە منبج و باشوورى جەرابلوس بەهێزتر بکات.
NRT -
