نێچیرڤان بارزانی و ئەیاد عەلاوی جەختیان لە چارەسەرکرنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا کردەوە

نێچیرڤان بارزانی و ئەیاد عەلاوی جەختیان لە چارەسەرکرنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا کردەوە
لە دوا ڕۆژی سەردانەکەی بۆ بەغدا نێچیرڤان بارزانی و شاندی یاوەری لەگەڵ ئەیاد عەلاوی سەرۆکی بزوتنەوەی ویفاقی نیشتیمانی عێراقی کۆبوونەوە و دواپێشهاتەکانی شەڕی داعش و بارودۆخی سیاسییان تاوتوێکرد، هەردولا جەختیانکردەوە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان بەغدا و هەرێم لە بەرژەوەندی هەموولایەکە.



ماڵپەڕی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ ٣٠ی ئابی ٢٠١٦ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کورستان و ئەیاد عەلاوی سەرۆکی بزوتنەوەی ویفاقی نیشتیمانی عێراقەوە لە دیدارێکدا باسیان لە دواپێشهاتەکانی شەڕی داعش لە عێراق و هەرێمی کوردستان و پرۆسەی سیاسی و پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا هەولێریان کردووە.



بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە لە دیدارەکەدا "باس لە ئامادەكاریی بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنەوەی شاری مووسڵ لە تیرۆرستانی داعش كرا و لەمبارەیەوە داكۆكی لەسەر هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و پێكهاتەكانی مووسڵ كرا و بەتایبەتیش تیشك خرایە سەر گرنگیی لێكگەیشتنێكی هەمەلایەنە بۆ قۆناغی دوای ئازادكردنەوەی شارەكە لە ڕووی سیاسی و كارگێڕییەوە".



لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا باس لە مەترسییەکانی دوای کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ کراوە، لەو لایەنەشەوە داکۆکیکراوەتەوە کە بەرپەرچدانەوەی بیری توندڕەوی بە تەنها ڕێکاری سەربازیی بەس نییە، بەڵکو پرۆسەی سیاسی لە عێراق پێویستی بەوەیە نوێنەرایەتیی هەموو لایەنەكان بكات و هەموو پێكهاتەكانی عێراق خۆیان لە پرۆسەی سیاسیدا ببیننەوە و شوێنی شایستەی خۆیان هەبێت.



هەرلە دیدارەکەدا باس لە کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کراوە و لەو لایەنەوە وەک لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە " هەردوولا جەختیان لەوە كردەوە كە چارەسەركردنی ئەو كێشە و گرفتانە لە بەرژەوەندیی تەواوی عێراق و هەرێمی كوردستاندایە و بۆ ئەمەش پێویستە گفتوگۆیەكی جددی لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدراڵدا دەست پێبكرێت و هەموو كێشە و گرفتەكان و فۆرمی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و دەوڵەتی عێراق بەڕێگەی ئاشتیانە و لێكگەیشتنەوە كە مایەی ڕەزامەندی هەردوو لایەن و لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان و عێراقدا بێت، ڕێكبخرێتەوە".



ڕۆژی ٢٩ ئابی ٢٠١٦ شاندێکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد، لە میانی سەردانەکە شاندی حکومەت لەگەڵ ژمارەیەک لە لێپرسراوە باڵاکانی حکومەتی عێراق دیدار و کۆبوونەوەی ئەنجامدا و هەردولا جەختیان لەوە کردووە کە پێویستە کار بکرێت بۆ هەماهەنگی زیاتری نێوان هەرێم و بەغدا بە ئامانجی کۆتایی هێنان بە ناکۆکی و کێشەکانی نێوانیان
NRT -
Top