شاندی هەرێم، كۆبوونەوە و دیدارەكانی بەغدای لەگەڵ سەرکۆمار تاوتوو کرد

 شاندی هەرێم، كۆبوونەوە و دیدارەكانی بەغدای لەگەڵ سەرکۆمار تاوتوو کرد
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری، لەگەڵ د. فوئاد مەعسووم سەركۆماری عێراقی فیدراڵ كۆبووەوە و لە دیدارکەدا شاندی هەرێم دیدارەكانی بەغدای لەگەڵ سەركۆمار تاوتوو کرد.

هەر لە چوارچێوەی كۆبوونەوە و دیدارەكانی دووەم ڕۆژی سەردانیدا بۆ بەغدا، نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە ٣٠-٨-٢٠١٦ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری، لەگەڵ د. فوئاد مەعسووم سەركۆماری عێراقی فیدرال كۆبووەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا كە بەڕێز فریاد ڕەواندوزی وەزیری ڕۆشنبیریی عێراقیش ئامادەی بوو، سەركۆماری عێراقی فیدراڵ خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا و دیدار و كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ بەرپرسانی حكوومەتی عێراقی فیدراڵ دەربڕی، بەتایبەتی كە لە كۆبوونەوە و دیدارەكاندا هەردوولا بە ڕاشكاوانە قسەیان كردووە.


ئاماژەی بەوەش دا كە ئەم گفتوگۆ و دیدارانە سوودی زۆری دەبێت و دەبنە هاوكارێك كە سەرجەم كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەرییان بۆ بدۆزرێتەوە و هیوای خواست سەردانی شاندەكان لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ بەغدا، بەردەوام بێت و هەماهەنگیی لەنێوان هەردوولادا تۆكمەتر بكرێت.

لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی هەڵسەنگاندن و تێبینییەكانی سەركۆماری عێراقی فیدراڵی دەربارەی دیدار و كۆبوونەوەكانی شاندی هەرێم لە بەغدا كرد، هەروەها پوختەیەكی دەربارەی كۆبوونەوەكانی دوێنێ و ئەمڕۆی شاندی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق خستە ڕوو. ئامادەییی هەرێمی كوردستانیشی بۆ بەردەوامیی گفتوگۆ و دیدارەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بەمەبەستی چارەسەركردنی تەواوی كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەردوولا، دەربڕی.
تاوتوێكردنی ڕەوشی ناوچەكە بەگشتی و عێراق و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی و دۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی كوردستان، لایەنێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.















KDP
Top