پێویستە چوارچێوەیەکی دیکە بۆ پێوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دابڕێژرێتەوە

 پێویستە چوارچێوەیەکی دیکە بۆ پێوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دابڕێژرێتەوە
شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەدیداریدا لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی فیدراڵ، رایگەیاند کە ناتوانرێت چوارچێوەی ئێستای پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا بەردەوام بێت، بۆیە پێویستە چوارچێوەیەكی دیكە بۆ پەیوەندییەكان دابنرێت و لەسەر ئەم بنەمایە ئایندەی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دابڕێژرێتەوە.

لە دووەم ڕۆژی سەردانی خۆیدا بۆ بەغدا، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە ٣٠-٨-٢٠١٦ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری لەگەڵ سەلیم جبووری سەرۆكی پەرلەمانی عێراقی فیدرال و ژمارەیەك لە سەركردەكانی لایەنە سونییەكانی عێراق كۆبووەوە كە لە هەریەك لە زافر ئەلعانی و تالب ئەلمەعموری لە لیستی ئەلموتەحیدون و محمەد تەمیم لە بەرەی ئەلحیوار و محەمەد ئەلكەربولی لە بزووتنەوەی ئەلحەل پێكهاتبوون.


لە كۆبوونەوەكەدا باس لە پرسی ئازادكرنەوەی شاری مووسڵ لە تیرۆرستانی داعش و ئایندەی ئەو شارە كرا و هەردوولا جەختیان لەسەر ئەوە كردەوە كە هەرچەندە ڕزگاركردنی شارەكە پەیوەندی بە بڕیاری هاوبەشی هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدرالەوە هەیە، بەڵام پێویستە خەڵكی مووسڵیش بەشدار بن لە بڕیارەكەدا و بە هەماهەنگیی هەموولایەك ئەنجام بدرێت، چونكە ڕزگاركردنی شارەكە بۆ هەموولایەك گرنگیی خۆی هەیە.

لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا گفتوگۆ لەسەر ڕەوشی گشتیی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدرال و ئایندەی ئەو پەیوەندیانە كرا. لەمبارەیەوە شاندی هەرێمی كوردستان جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە ناتوانرێت چوارچێوەی ئێستای پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا بەردەوام بێت، بۆیە پێویستە چوارچێوەیەكی دیكە بۆ پەیوەندییەكان دابنرێت و لەسەر ئەم بنەمایە ئایندەی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دابڕێژرێتەوە.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا باس لە كار و كێشەكانی پەرلەمانی عێراق كرا و هەردوولا هیوایان خواست كە هەموو كێشەكان بە ڕێگەی یاسایی چارەسەر بكرێن. هەروەها بڕیار درا هەماهەنگییەكی باشتر لە نێوان هەموو لایەنەكان لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەبارەی هەموو كێشە و گرفتەكانەوە هەبێت.










KDP
Top