بەغدا پارە بۆ ھەزار چەکداری پەکەکە لە شنگال دابین دەکا

 بەغدا پارە بۆ ھەزار چەکداری پەکەکە لە شنگال دابین دەکا
فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە و کەسایەتیی دیاری کوردی ئێزدی لە قەزای شنگال رای گەیاند، حکوومەتی عیراق مانگانە بۆ ھەر ئەندامێکی پەکەکە لە شنگال ٨٠٠ دۆلار خەرج دەکات، پەکەکەش ٤٠٠ دۆلار بۆ خۆی دەبات و ٤٠٠ دۆلاریش وەک مووچە دەدرێتە ئەو کەسەی چووەتە پاڵ پەکەکەوە.



قاسم دەربۆ فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە فەرماندەیی شنگال و کەسایەتیی دیاری کوردی ئێزدی لە شنگال روون کردەوە، حکوومەتی عیراق مووچەی پتر لە ھەزار چەکداری پەکەکە لە شنگال دابین دەکات، لە کاتێکدا ھیچ ھێزێکی سیاسی لە سەنگەری شەڕ لە دەڤەری شنگالدا نییە. بە درێژایی پتر لە ٧٠ کیلۆمەتر سەنگەری پێشمەرگەی قارەمانی کوردستانە، تەنیا پێشمەرگە شنگال دەپارێزێ، بە راستی جێی داخە کە حکوومەتی عیراق ھاوکاریی لایەنێک بکات کە لە سەنگەری شەڕەوە دوورە.



ئەوەشی راگەیاند، حکوومەتی عیراق لەبری ئەوەی پارە بۆ ھێزی پێشمەرگەی کوردستان دابین بکات، ئەو پارەیە دەداتە ھێزی پەکەکە لە شنگال، مەرامی بەغدا ئەوەیە، ئەو ھێزە دژی پێشمەرگە بەکار بھێنێت، ئەمەش مایەی قبووڵکردن نییە. لە سەر داواکاریی خەڵکی شنگال، گەلێ جار داوا لە پەکەکە و ھەڤاڵانی سەر بەوان کراوە، بارەگاکانی دامودەزگاکانی حکوومەت چۆڵ بکەن، بەتایبەتی لە کۆمەڵگای خانەسۆر، چونکە رەوا نییە لایەنێکی سیاسی لەنێو قوتابخانە و دامودەزگاکانی حکوومەتدا بمێنێت.



قاسم دربۆ زیاتر گوتی: پێنج کۆمەڵگا لە دەوروبەری قەزای شنگال لە دەستی رێکخراوی تیرۆریستیی داعشدا ماون، بێ گومان پێشمەرگەی قارەمان ئەو کۆمەڵگایانەش بە سەرپەرشیی سەرۆک بارزانی رزگار دەکات.



فەرماندەی پێشمەرگە لە قەزای شنگال روونی کردەوە، ژمارەی خەڵکی شنگال کە مووچەخۆر و پێشمەرگەن دەگاتە پتر لە ١٥ ھەزار کەس، ھەر کاتێ ھەموو دەڤەرەکان رزگار کران، من دەڵێم ئەو کاتە حکوومەتی عیراق ھیچ بەھانەیەکی نامێنێت، پەکەکەش دەبێ بە ناچاری شنگال و دەوروبەری شنگال چۆل بکات.



قاسم دەربۆ ئاشکرای کرد، لە کۆمەڵگەی خانەسۆر خەڵک ناتوانن بگەڕێنەوە لەبەر پەکەکە، خەڵک ھەن حەز دەکەن بگەڕێنەوە و منداڵانی خۆیان رەوانەی قوتابخانە بکەن لە خانەسۆر، لێ پەکەکە دەستی بەسەر ئەو کۆمەڵگایەدا گرتووە و قوتابخانەکانی داگیر کردوون، رێ نادات قوتابیان بچنە سەر خوێندن.



بە راستی ھەبوونی باروگای سەربازیی لایەنانی سیاسی لەنێو شنگال، خەڵکی بێزار کردووە، ئەگەر ئەو لایەنانە ئاستەنگ بۆ خەڵکی دروست نەکەن، ئەوا گەلێ لە خەڵکی شنگال دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، لێ مخابن لەبەر دروستبوونی کێشە و ئاستەنگ، ئەوان ناتوانن بگەڕێنەوە، خەڵکی شنگال داوا دەکەن تەنیا پێشمەرگە لە شنگال بمێنێتەوە​.

باسنيوز
Top