ئەکرەم شەریف: مەکتەبی سیاسی پێیان گوتم بە بڕیاری تاکەکەسی لادراویت

ئەکرەم شەریف: مەکتەبی سیاسی پێیان گوتم بە بڕیاری تاکەکەسی لادراویت
جێگری پێشووی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاشکرای کرد، لە دادگای ئیداریی شاری سلێمانی، سکاڵایان لە دژی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی تۆمار کردووە.

ئەمڕۆ سێشەممە 30\8\2016، ئەکرەم شەریف، ئەندامی دەست لەکار کێشاوەی فراکسیۆنی یەکێتی و جێگری پێشووی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بە یاوەریی پارێزەرەکەی ڕای گەیاند: ”ئەمڕۆ دوای گفتوگۆیەکی ورد لەگەڵ یاساناسان، داوای یاساییم لە دژی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی تۆمار کرد“. ئەوەشی ڕوون کردەوە کە دۆسیەکەی تایبەتە بە داواکاری گشتی و ئەو بڕیاری لێ دەدات.

ھەر لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا ئەکرەم شەریف جەختی لەوە کردەوە: ”من جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بووم، بەبێ ئەوەی داوای بەخشینم کردبێت یان دەستم لەکار کێشابێتەوە، یانیش بەبێ ئەوەی بەھۆی کەموکوڕییەکەوە لەکار لادرابم، ھەڤاڵ ئەبوبەکر ناوی منی بۆ بەخشین خستە دەنگدانەوە، ئەو بە چ یاسایەک ئەم کارەی کرد؟ من بە نایاسایی لە پۆستەکەم لادراوم“.

ئەوەشی ئاشکرا کرد: ”تا ڕۆژی کۆبوونەوەکەی ئەنجومەن، بە فەرمی من کاندیدی یەکێتی بووم بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، دواتر ناوەکەم لادراوە، ھەموو مەکتەبی سیاسی تا جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی پێیانگوتووم کە لادانم بە بڕیاری مەکتەبی سیاسی نەبووە، بەڵکو بە بڕیاری تاکە کەسێک بووە“.





باسنیوز
Top