پەرلەمانتارێکی کورد: لە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا پرسی جیابوونەوەی کوردستان باس دەکرێت

 پەرلەمانتارێکی کورد: لە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا پرسی جیابوونەوەی کوردستان باس دەکرێت
ئەندامێکی کوردی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕای گەیاند، لە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدای پایتەختی عێراق، پرسی جیابوونەوەی کوردستان لە عێراق یەکێک لە تەوەرەکانی گفتوگۆکان دەبێت.

ئەمڕۆ دووشەممە 29\8\2016، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە یاوەریی شاندێک، گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق و لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و بەرپرسانی دیکەی عێراقی گفتوگۆ دەکات.

لەمبارەیەوە نەدا عەنتەر، خانمە پەرلەمانتاری کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند: “من پێشبینی دەکەم یەکێک لە ئامانجەکانی سەردانەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، باسکردنی پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان بێت”.

هاوکات میدیا عێراقییەکانیش لە زاری سەرچاوەی جۆراوجۆرەوە ئاماژەیان بەوە داوە کە لە میانی گفتوگۆکانی نێوان هەردوو سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق، پرسی جیابوونەوەی هەرێمی کوردستان و دۆسیەکانی تایبەت بە هەناردەکردنی نەوت تاوتوێ دەکرێت.











باسنیوز
Top