پۆلیسی هەڵەبجە: دزیکردن لە سنوورەکە زیادی کردووە
ئەمڕۆ یەكشەممە، 28/8/2016، ڕائید بەرزان عوسمان، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە، لە گۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا لە هەڵەبجە ڕایگەیاند: "لە هەشت مانگی ڕابروودا لە سنووری قایمقامیەتی ناوەندی پارێزگای هەڵەبجە بەهۆی زیادەڕەوی كردنەوە 37 كەس دەستگیر كراون و دراونەتە دادگا".
گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە، گوتیشی: "لە سنوورەكەدا 18 وەستا و كرێكار دەستیگر كراون و دراون بە دادگا، هەروەها دەست گیراوە بەسەر دوو تەنكەری ئاوی گواستنەوە و چەندین كەلوپەلی دیەک، لەگەڵ ئەمانەش هەشت بناغەی زیادەڕەوی ڕووخێنراوە و ئەو هاووڵاتیانەشی كە دەستگیر كراون بە بڕیار دادوەری لێكۆڵینەوە لە ڕۆژێكەوە بۆ چەند ڕۆژێك بەندكراون و زیادەڕەوییەكانیان لابراوە".
هاوكات ڕائید بارزان، ئەوەشی ڕوون كردەوە: "لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە لە ماوەی یەك مانگی ڕابردوودا 17 تۆمەتبار بە تۆمەتی دزیی جۆراوجۆر دەستگیر كراون كە دزییەكانیان لە دزینی ئۆتۆمبێل، هەڵكوتانە سەرماڵان، دزینی كەلوپەلی گران بەها، دزینی گەچ، چیمەنتۆ و ماتۆڕسكیل پێكهاتووە".
ئەو بەرپرسەی پۆلیسی هەڵەبجە، ئەوەشی ئاشكرا كرد: "بە بەراود لەگەڵ ساڵی ڕابردوو ڕێژەی دزیكردن زیادی كردووە و هۆی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو قەیرانە دراییەی كە هەیە و كەم دەستی زیاتر زاڵ بووە بەسەر خەڵكدا، ئەو تۆمەتبارانە، هەندێكیان ئێستا ئازاد كراون و هەندێكی تریان لە بەندیخانەكان دان و بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەکانی (443 . 444 . 446) ڕاگیراون".
باسنيوز
