تەرمی ئەو بەڕێوەبەری قوتابخانەیە دۆزرایەوە كە لەزێی خەبات خنكا

تەرمی ئەو بەڕێوەبەری قوتابخانەیە دۆزرایەوە كە لەزێی خەبات خنكا
تەرمی ئەو بەڕێوەبەری قوتابخانەیە دۆزرایەوە كە دوێنێ دوای‌ ئەوەی‌ بەمەبەستی‌ مەلەكردن لەزێی‌ خەبات پەڕییەوەو نەیتوانی‌ جارێكی‌ تر بگەڕێتەوە شوێنەكەی‌ خۆی، خنكا.

موقەدەم حەیدەر بڵباس ئەفسەر لە بنكەی بەرگری شارستانی قەزای خەبات راگەیاند"لەدووری چوار كیلۆمەتر لە شوێنی رووداوەكە تەرمی ئەو مامۆستایەی دوێنی لە زێی خەبات خنكا دۆزراوەتەوە".

لەدوێنێوە تیمی غەواسی بنكەی بەرگری شارستانی قەزای خەبات بەدوای تەرمی ئەو مامۆستایەدا دەگەڕێن‌و ئێوارەی ئەمڕۆ توانراوە لەگوندی مەندان بدۆزرێتەوە.

ئەو مامۆستایە ناوی سەمەد ئیسماعیل ئەحمەدەو لەدایكبووی‌ ساڵی‌1978ەو لەسنوری‌ گوندی‌ چەمە بەگەز لە نزیك ئیفرازو لە زێی‌ خەبات خنكاوە.

مامۆستا سەمەد ئیسماعیل:

ئەو مامۆستایە بەڕێوەبەری‌ قوتابخانەی‌ ماردینە لە قەزای‌ خەبات، بەمەلەكردن لەزێی‌ خەبات پەڕیوەتەوەو هەوڵی‌ داوە هەر بەمەلەوانی‌ بگەڕێتەوە شوێنی‌ خۆی‌، بەڵام لەناو زێدا نقومبووەو خنكاوە، ئەوەش بەپێی لێدوانێكی پێشتری موقەدەم حەیدەر.

شوێنی خنكانی مامۆستا سەمەد:
رۆژی‌ 15ی‌ ئاب-یش پێشمەرگەیەك لەكاتی‌ مەلەكردن لە زێی‌ خەبات خنكا و تا ئێستا تەرمەكەی‌ نەدۆزراوەتەوە ئەمەش بەهۆی‌ نزیكی‌ لە چەكدارانی‌ داعش، ئەفسەرەكەی‌ بنكەی‌ بەرگری‌ شارستانی‌ قەزای‌ خەبات وای‌ وت.

لەساڵی‌ 2002 تاوەكو مانگی‌ ئابی‌ ئەمساڵ (177) كەس لەقەزای‌ خەبات و لەناو زێی‌ گەورەدا خنكاون.

بەپێی‌ ئامارەكانی‌ بەڕێوەبەرایەتی‌ بەرگری‌ شارستانی‌ خەبات، تەنها لەماوەی‌ حەوت مانگی‌ یەكەمی‌ ساڵی‌ 2016 (27) كەس خنكاون بەمەش ساڵی‌ 2016 یەكێكە لەو ساڵانەی‌ زۆرترین قوربانی‌ تیابووە.


خەندان-
Top