لە دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی پێسێلی یاسا کرا

لە دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی پێسێلی یاسا کرا
لە دانیشتنی رۆژی پێنجشەممە 25-8-2016ـی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی نامەی بەخشینی ئاسۆ فەرەیدوون لە پارێزگاری سلێمانی پەسند کرا، هەڤاڵ ئەبوبەکر بە پارێزگاری سلێمانی دەستنیشان کرا و ئازاد محەممەد بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی هەڵبژێردرا، ئەکرەم شەریف، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە یەکێتی راگەیاند.

پرۆسەی بەخشین لە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و دەستنیشانکردنی هەڤاڵ ئەبوبەکر بە پارێزگار، بە لای ئەکرەم شەریف، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی "کودەتای سپییە، بەسەر یاسادا".

ئەکرەم شەریف، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ناڕەزایی لەبەرامبەر کاندیکردنی کەسێکی دیکە لە شوێنی ئەو بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەن دەربڕی و گوتی " بە بڕیاری شەخسی ئەمە گۆڕانکاری تێدا کراوە، تاوەکو دوێنی من کاندید بووم، بەڵام ئەمشەو بە بڕیارێکی شەخسی و بە واستە و ژێربەژێر ناوەکە بە کەسێکی دیکە گۆڕاوە" دواتر دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە فراکسیۆنی یەکێتیی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەربڕی.

لە دانیشتنەکەدا ئازاد محەممەد، بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی هەڵبژێردرا، بەو هۆیەوە جگە لە ئەکرەم شەریف کە خۆی بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە ئامادە کردبوو، چوار ئەندامی دیکەی فراکسیۆنی یەکێتی دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان لە فراکسیۆنی یەکێتیی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی راگەیاند.

ئەندامە دەست لەکارکێشاوەکانی فراکسیۆنی یەکێتی، دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی رایانگەیاند " ئێمە دانیشتنەکەی ئەمڕۆ بەنایاسایی دەزانین و، فراکسیۆنێکی سەربەخۆ لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی پێکدەهێنن و، لەکارەکانمان بەردەوامدەبین".

بەهۆی دەستلەکارکێشانەوەی ئەو پێنج ئەندامەی یەکێتیش ئێستا فراکسیۆنی یەکێتی تەنیا شەش ئەندامی لە کۆی 11 ئەندام ماوە لە پارێزگای سلێمانی.

بڕیاربوو رۆژی 20-8-2016 دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بکرێت، بەڵام کێشە کەوتە نێوان گۆڕان و یەکێتی و دانیشتنەکە نەکرا، رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە ئامادەبوونی نەوشیروان مستەفا و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد کۆبوونەوە و بڕیاریان دا رۆژی پینجشەممە ئاڵوگۆرەکە بکرێت.




رووداو
Top