پرۆژەی قیرتاوكردنی شەقامی هەولێر- كەركووك جێبەجێ دەکرێت

پرۆژەی قیرتاوكردنی شەقامی هەولێر- كەركووك جێبەجێ دەکرێت
پاش دوو ساڵ لە قەیرانی دارایی و وەستانی پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە 20% ی داهاتی شارەوانییەكان پرۆژەی قیرتاوكردنی شەقامی هەولێر- كەركووكی دەستپێكرد.

نەورۆز مەولوود، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە لێدوانێكیدا گوتی " پرۆژەی قیرتاوكردنی شەقامی هەولێر- كەركووك بە 20%ی داهاتی شارەوانییەكان لەلایەن سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر- شارەوانی پێنج جێبەجێ‌ دەكرێت".

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتیشی "یەكێك لە بڕیارەكانی چاكسازی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری گەڕاندنەوەی 20%ی داهاتەكان بوو بۆ شارەوانییەكان، بۆ ئەوەی لە پرۆژە خزمەتگوزارییەكان خەرج بكرێت".

عەبدوڵڵا شەمسەدین یەكێكە لە ئەندازیارانی پرۆژەكە سەبارەت بە قیرتاوکردنی رێگای نێوان کەرکووک - هەولێر دەڵیت "بە 148 ملیۆن دینار کە 20% ی داهاتی شارەوانییەكانە، بە درێژی 100 مەتر شەقامی هەولێر-كەركووك قیڕتاودەكرێت كەدوای قەیرانی دارایی هەرێمی كوردستان لەساڵی 2014 دا كاری فەرشكردنی بۆ كرابوو، بەڵام تەواو نەكرا".

گوتیشی "بە داهاتی 20%ی شارەوانییەكان دەتوانین زۆرێك لەو پرۆژانە تەواو بكەین كە تەواو نەكراون".

Top