بارزانی: ئێستا لەبەردەم دوو رێگەداین

بارزانی: ئێستا لەبەردەم دوو رێگەداین
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت: "ئێستا لەبەردەم دوو ڕێگەداین، یان ئەو واقعە قبوڵ بكەین كە خەڵكی تر هەركات ویستیان كێشەمان بۆ دروست بكات و بڕیار لە چارەنووسمان بدات و بە پاشكۆیی بمێنینەوە، یان بەیەكەوە بڕیارێكی هاوبەش بدەین و بەرەو سەروەری و سەربەخۆیی هەنگاو بنێین".

مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا کە لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە ئاماژەی بە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی هاریكاری عێراق لە واشنتن کردووە و دەڵێت: " لە كۆنفڕانسی وڵاتانی هاوپەیمانی دژی داعش لە واشنگتۆن وەزیری دەرەوەی عێراق ڕێگری كرد لەوەی شاندی هەرێمی كوردستان بەشداری كۆنفڕانسەكە بێت كە لایەنی سەرەكیی شەڕی دژی داعشە. بەداخەوە لایەنی میوانداری كۆنفڕانسەكەیش خواستی وەزیری جێبەجێ كرد".

بارزانی رایدەگەیێنێت: "ئەمەیان بە هیچ شێوەیەك قابلی قبول نییە و لەگەڵ ڕۆڵ و پێگە و قوربانیدانی گەلەكەمان ناگونجێت و بۆ چارەسەركردنی گرفتی لەمشێوەیە پێویستیمان بە سەروەرییە و دەبێ خاوەنی بڕیاری خۆمان بین".

دەقی پەیامەکەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
هاووڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان

گەلی كوردستان لە شەڕی تیرۆریستانی داعش باجێكی گەورەی مرۆیی و ئابووری دا. پێشمەرگە بە قوربانیدانی خۆی ئەفسانەی داعشی شكاند و هێزی سەرەكیی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرە لە ناوچەكەدا.

كەچی لە كۆنفڕانسی وڵاتانی هاوپەیمانی دژی داعش لە واشنگتۆن وەزیری دەرەوەی عێراق ڕێگری كرد لەوەی شاندی هەرێمی كوردستان بەشداری كۆنفڕانسەكە بێت كە لایەنی سەرەكیی شەڕی دژی داعشە. بەداخەوە لایەنی میوانداری كۆنفڕانسەكەیش خواستی وەزیری جێبەجێ كرد.

ئەو نموونە و زۆر نموونەی تر دەردەخات كە ماف و قوربانیدانی گەلی كوردستان دەكرێ زۆر بە ئاسانی پشتگوێ بخرێ و مامەڵەی نابەجێی لەگەڵدا بكرێت و بە بڕیار و میزاجی خەڵكی تر ببەسترێتەوە.

ئەمەیان بە هیچ شێوەیەك قابلی قبول نییە و لەگەڵ ڕۆڵ و پێگە و قوربانیدانی گەلەكەمان ناگونجێت و بۆ چارەسەركردنی گرفتی لەمشێوەیە پێویستیمان بە سەروەرییە و دەبێ خاوەنی بڕیاری خۆمان بین.

دوای ئەو هەموو نەهامەتی و قوربانیدانە، ئێستا لەبەردەم دوو ڕێگەداین، یان ئەو واقعە قبوڵ بكەین كە خەڵكی تر هەركات ویستیان كێشەمان بۆ دروست بكات و بڕیار لە چارەنووسمان بدات و بە پاشكۆیی بمێنینەوە، یان بەیەكەوە بڕیارێكی هاوبەش بدەین و بەرەو سەروەری و سەربەخۆیی هەنگاو بنێن.

پشت بە خوا و ئیرادەی گەلی كوردستان لە ئاییندەیەكی نزیك دەردەكەوێ كە كێ پاشكۆیی دەوێت و كێ سەرەوەریی هەڵدەبژێرێت.
Top