حاكم قادر: كۆبوونەوەی (د.فوئاد حوسێن) لەگەڵ بەرپرسانی یەكێتی و گۆڕاندا هەنگاوێكی زۆر گرینگ بوو

 حاكم قادر: كۆبوونەوەی (د.فوئاد حوسێن) لەگەڵ بەرپرسانی یەكێتی و گۆڕاندا هەنگاوێكی زۆر گرینگ بوو
حاكم قادر حەمەجان دەڵێ، سەردانەكەی (د. فوئاد حوسێن) سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بۆ شاری سلێمانی و كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی یەكێتی و گۆڕاندا هەنگاوێكی زۆر گرنگ بوو؛ هەموو دەستپێكێك بۆ چارەسەری ڕەوشی سیاسی و چارەسەری قەیران و كێشەكان و یەكخستنەوەی گەلەكەمان بە هەنگاوێكی دروست و باشی دەزانین و بەرزی دەنرخێنین.

(حاكم قادر حەمەجان) كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتیی‌ دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "سەردانەكەی (د. فوئاد حوسێن) سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بۆ شاری سلێمانی و كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی یەكێتی و گۆڕاندا هەنگاوێكی زۆر گرنگە؛ هەموو دەستپێكێك بۆ چارەسەری ڕەوشی سیاسی هەرێمی كوردستان و چارەسەری قەیران و كێشەكان و یەكخستنەوەی گەلەكەمان بە هەنگاوێكی دروست و باش دەزانین و بەرزی دەنرخێنین، با كێشە و قەیرانەكانیش سەخت و گەورە بن."
ئەو كارگێڕەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی جەختیشی كردەوە: "پێویستە ئێمە هەموو بەیەكەوە ئەرکی خۆمان لە ئاست گەلەكەمان و دژ بە دژمنان و تیرۆریستان بگرینە ئەستۆ؛ تا بتوانین هەنگاوی جدی بۆ یەكخستنەوەی نێوماڵی كورد و یەكگوتاری بنێن."
دەیشڵێ: "بەهێزترین چەكی دەستی كورد، یەكڕیزی و تەباییە و، دەبێ خۆمان بۆ هەموو ئەگەرێکی ناوچەكە ئامادە بكەین."








KDP
Top