عەبدولسەلام بەرواری: پارتی لەسەر پۆست کێشەی لەگەڵ لایەنەکان نییە
عەبدولسەلام بەرواری، پەرلەمانتاری پێشووی پارتی دیموکراتیی کوردستان، ڕایگەیاند: “هیچ لایەنێک بە تەنیا ناتوانێت بڕیار بدات بۆ ڕێککەوتن لە نێوان حزبە سیاسییەکانی کوردستان، چونکە هاوپەیمانیی چوار قۆڵیی 23ی حوزەیران لە نێوان هەندێک لایەن وای کرد کە کوردستان بگاتە ئەم دۆخە”.
ئەوەشی ڕوون کردەوە، ڕاستییەک هەیە کە پارتی دیموکراتیی کوردستان و بارزانی، زۆر بە وریاییەوە مامەڵەیان کردووە، چونکە هەوڵەکە لەوە گەورەتر بوو کە بیری لێ دەکرایەوە. گوتیشی: “ئێستا لایەنەکان گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە دۆخەکە لەمە خراپتر نابێت، بۆیە پێم وایە بەشێک لەو گرفتانە گرفتی وەرگرتنی پلە و پۆستە کە ئەمە یەکێتی بێت یان گۆڕان هەوڵی بۆ دەدەن، تا لەو ڕێگایەوە هەڵوێستەکانیان وەک فشار بەکاربهێنن".
ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ئەوەشی ئاشکرا کرد: “باوەڕم وایە کە پارتی لە بەرانبەر پۆست نەرمی دەنوێنێت، چونکە ڕیفراندۆم زۆر گەورەترە لە پێدانی پۆست، ئەمەش بۆ پارتی ئاسانە و گەشبینین کە لەم قۆناغە بچنە قۆناغێکی دیکە”.
باسنیوز
