ئەو لێژنەیەی کە بە فەرمانی بارزانی پێکهێندرا گەیشتە کەرکووک

ئەو لێژنەیەی کە بە فەرمانی بارزانی پێکهێندرا گەیشتە کەرکووک
ئەو لێژنەیەی کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی کوشتنی گەنجەکەی کەرکووک پێکیهێناوە، گەیشتە شارەکە و لێکۆڵینەوەکان دەستیان پێ کرد.

دوای ئەوەی دوێنێ یەکشەممە 24\7\2016، د. ئومێد سەباح، گوتەبێژی فەرمیی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لێژنەیەکی لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاسپاردووە، بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لە کەیسی کوشتنی گەنجەکەی کەرکووک بکەن.

ئەمڕۆش لیوا هەڵۆ نەجات، بەرپرسی ئاسایشی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە کەرکووک ڕایگەیاند: “لێژنەکە گەیشتووەتە کەرکووک و لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی کوشتنی بارزان محەمەد بەردەوامە”. ڕوونیشی کردەوە کە دوای تەواوبوونی ئەو لێکۆڵینەوانە، لێژنەکە چۆنیەتیی کار و وردەکارییەکانی کوشتنی ئەو گەنجە بۆ ڕای گشتیی کوردستان ئاشکرا دەکات.

ڕۆژی شەممەی ئەم هەفتەیە وێنەی ئەو گەنجەی شاری کەرکووک بڵاو کرایەوە کە تەرمەکەی دۆزراوەتەوە و شوێنەوارەی ئەشکەنجەی بەسەرەوە دیارە. هەمان ڕۆژ، بەرپرسانی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە کەرکووک ڕایانگەیاند کە ئەوان ئاسایشی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کەرکووک بە بەرپرسیار دەزانن.

پێشتر عەمید سمکۆ، گوتەبێژی ئاسایشی یەکێتی لە کەرکووک ڕاگەیاندبوو: “ڕاستە ئێمە گەنجەکەمان بانگی ئاسایش کرد، چونکە ئەو بکوژە و بەپێی ماددەی 406 داواکراوە، بەڵام کە هێنرایە ئاسایش و بینیمان ئەو تریاککێش و سەرخۆشە، ئیتر ڕێگامان دا بڕوات”.



باسنیوز
Top