دەستەی مافی مرۆڤی کوردستان کوشتنی گەنجەکەی کەرکووک ئیدانە دەکات

 دەستەی مافی مرۆڤی کوردستان کوشتنی گەنجەکەی کەرکووک ئیدانە دەکات
لە بەیاننامەیەکدا دەستەی مافی مرۆڤی کوردستان کوشتنی گەنجەکەی کەرکووکی ئیدانە کرد و ڕایگەیاند: "جگە لەوەی کوشتن تاوانە، شێواز و ڕووداوەی کوشتنی ئەو گەنجەش پێشێلکاریی زەقی مافی مرۆڤ و بەها مرۆییەکانە."

ئەمڕۆ دووشەممە (25/7/2016)، دەستەی ماڤی مرۆڤی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا کوشتنی ئەو گەنجەی کەرکووکی ئیدانە کرد کە دوو ڕۆژی ڕابردوو دوای ئەشکەنجەدان کوژراوە.

لە بەیاننامەکەی دەستەی مافی مرۆڤدا هاتووە؛ "ئەو ڕووداوە نیگەرانیى لاى هەموو خەڵک دروست کردووە و دەستەى مافى مرۆڤیش لە چوارچێوەى ئەرک و کارى خۆیدا لە یەکەم ساتى ڕووداوەکەوە و لە قۆناغەکانى پزیشکى دادوەرى و لێکۆڵینەوەکاندا چاودیرى کەیسەکەى کردووە".

لە بەیاننامەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو؛ "چونکە دەستەى مافى مرۆڤ پێی وایە، ئەوەى بەرانبەر ئەو گەنجە کراوە، جگە لەوەى کوشتنەکەى تاوانیکى گەورەیە، بەڵام شێوازى کوشتنەکەى و ئەشکەنجەدان و لێدانی دوورە لە هەموو پرەنسیپێکى مافى مرۆڤ و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان و بەها مرۆییەکان، بۆیە ئیمە وێڕاى ئەوەى ئیدانەى ئەشکەنجەدان و کوشتنى ئەو هاوڵاتییە دەکەین و بە کارێکى قێزەونی لە قەڵەم دەدەین، هاوکات نیگەرانیى خۆشمان بۆ ڕووداوەکە و تاوانەکە ڕادەگەیەنین".

دەستەی مافی مرۆڤ ئاشکراشی کرد؛ لە چاودێرى و بەدواداچوونی کەیسەکە، چاودێرى دەرەنجامى بەدواداچوونەکان و بڕیارى لێژنەکان و لێکۆڵینەوەکان دەکەین کە لەلایەن دامودەزگا و لایەنە جیاوازەکانەوە پێکهێنراوە.

دەستەی مافی مرۆڤ داوا دەکات، هەرچى زووە تاوانباران بدۆزرێنەوە و بدرێنە دادگا و بە سزاى خۆیان بگەیەنرێن و بۆ ڕاى گشتیى بڵاو بکرێتەوە و لەو بارەیەوە داوا لە دەزگا ئەمنییەکان و بەرپرسانى شاری کەرکووک دەکەن لەپێناو دۆزینەوەى تاوانبارانى کەیسەکە و ڕادەستکردنیان بۆ دادگا و ڕێچکە یاساییەکەى هەموو هەوڵێکى خۆیان بخەنە گەڕ و هەماهەنگ بن، بۆ ئەوەی تاوانباران بە سزاى خۆیان بگەن لە دادگا و حوکمى خۆیان وەربگرن."









باسنيوز
Top