یەکێتی: بەهۆی ڕێککەوتنەکەمان لەگەڵ گۆڕان خەڵکانێک جیادەبنەوە
دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا ژمارەیەکی بەرچاو لە کادیرانی پێشکەوتووی یەکێتی دەستیان لەکار کێشایەوە، کە دوایینیان سەمەد زەنگەنە، ڕاوێژکار و سکرتێری ڕۆژنامەوانیی کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی بوو کە ئاماژەی بەوە کرد: “دەست لەکار دەکێشمەوە، چونکە سەر بە هیچ تەکەتولێک نیم”. ئەوەشی ڕوون کردەوە کە بەهۆی ئەوەی هەست بە بوونی هەوڵێکی جددی بۆ لێکجیاکردنەوەی هەرێمی کوردستان دەکات، دەستی لەکار کێشاوەتەوە.
لە بەرامبەردا ئەمڕۆ دووشەممە، 25\7\2016، ئەحمەد قەدەفەری، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی شارەزووری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕایگەیاند: “ڕەنگە بەهۆی ڕێککەوتنی یەکێتی و گۆڕان، خەڵکانێک لەناو هەردوو حزب نیگەران بن، یان پێیان خۆش نەبووە، بۆیە لەوەش دەچێت پێش یەکگرتنەوەی گۆڕان و یەکێتی، خەڵکانێک هەبن زویر ببن و جیاببنەوە”.
بە گوتەی ئەحمەد قەدەفەری، جیابوونەوەی ئەو کەسانە هیچ زیانێکی بۆ یەکێتی نابێت. دەشڵێت: “گریمان بەهۆی ئەو ڕێککەوتنەوە 500 کەس چوونە دەرەوە، ئەمە کورسییەکی پەرلەمان ناکات و هیچ کاریگەریی خراپی لەسەر یەکێتی نییە، چونکە خەڵکانێک هەیە حەز دەکەن لە ئاوی لێڵدا مەلە بکەن، بۆ ئەوەی سوودی بۆ خۆیان هەبێت".
باسینوز
