له گەیارە سوپای عێراق هێرشی بۆ سەر داعش دەستپێکردەوە

له گەیارە سوپای عێراق هێرشی بۆ سەر داعش دەستپێکردەوە
ئەمڕۆ سوپای عێراق لە سنوری گەیارە بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنەوەی گوندی عوسەجە هێرشی بۆسەر داعش دەستپێکردەوە.

ئەمین شێخانی فەرماندە لە سوپای عێراق بە ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، لە کاتژمێر ٥ی بەرەبەیانی ئەمڕۆوە ١٨ی تەموزی ٢٠١٦، سوپای عێراق هێرشی بۆسەر گوندی عوسەجە لەنزیک گەیارە دەستپێکردووە بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنەوەی.

هەروەها وتیشی، لە هێرشەکەدا فڕۆکەکانی هاوپەیمانان بە هێرشی ئاسمانی هاوکارییان دەکەن.

ئەوەش لەکاتێکدایە پێشتر فەرماندەکانی سوپای عێراق ئاماژەیان بەوە کرد، پێشڕەوییەکانیان لە سنوری ناحیەی گەیارە لە باشوری موسڵ بەردەوامە و ناحیەکەیان گەمارۆ داوە، هاوکات تا ئێستا توانیویانە چەند گوندێک لەو سنورە کۆنترۆڵ بکەنەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە ڕۆژی ٣ی تەموزی ٢٠١٦، سوپای عێراق توانی مەفرەقەی حاجی عەلی بە تەواوی کۆنترۆڵ بکاتەوە کە لە حەوت گوند پێکدێت.

دوای ئەوەی ٢٣ی ئازاری ٢٠١٦ قۆناغی یەکەمی ئۆپراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ دەستیپێکرد، سوپای عێراق تا ئێستا توانیویەتی نزیکەی ١٥ گوند لە مەخمور کۆنترۆڵ بکاتەوە لەوانە کودیلە، کەلمەردی، مەهانە، سەربەردان، کەبەرۆک، خەرابەشەمامە، خەرایب جەبر، نەسر و دیرباز و چەند گوندێکی تر.








خەندان
Top