عارف ڕوشدی: شکستهێنانی کودەتاکەی تورکیا پەیامێکە بۆ لایەنە کوردییەکان تاوەکوو یەکدەنگ بن

عارف ڕوشدی: شکستهێنانی کودەتاکەی تورکیا پەیامێکە بۆ لایەنە کوردییەکان تاوەکوو یەکدەنگ بن
ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتیی کوردستان ئاماژە بە ڕووداوەکەی تورکیا دەکات و دەڵێت: “پەیامێک بوو بۆ لایەنەکانی کوردستانیش”.
ئەمڕۆ شەممە 16\7\2016، عارف ڕوشدی، ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتیی کوردستان، لە پۆستێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردووەتەوە، نووسیویەتی: “زۆر کارێکى بەجێیە و ئەرکە، حزبەکانى هەرێمی کوردستانیش، ئەوانەى کە باس لە کێشە و گرفتەکان دەکەن، بە شێوەیەک کە تواناى چارەسەرکردنیان نییە، پەندێک لە هەڵوێستى نیشتمانیی حزبە یار و نەیارەکانى تورکیا بکەن”.
ڕوشدی ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە، لایەنەکانی تورکیا بە یەکەوە، لە چوارچێوەی هەستکردنیان بە پرسە نیشتمانییەکە، کێشەکانیان وەلا ناوە و هەڵوێستێکی یەکگرتوویان بەرامبەر بە کودەتاکەی شەوی ڕابردوو نواندووە.
شەوی ڕابردوو، بەشێکی بەرچاوی سوپای تورکیا، کودەتایەکی گەورەیان بەسەر حکوومەتی تورکیا دەست پێ کرد و سەرەتا توانییان چەند دامەزراوەیەکی فەرمیی ئەو وڵاتە کۆنتڕۆڵ بکەن، بەڵام دواتر هاووڵاتییانی تورکیا و هێزە ئەمنییە نەیارەکانی کودەتا، توانییان دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکەنەوە و بەشێکی زۆر لەو هێزانەشی کە بەشدارییان لە کودەتاکەدا کردبوو، دەستگیر بکەن.






باسنیوز
Top