بەوێنە.. لە شارەزوور دەست بەسەر کارگەیەکی ماددەی ھۆشبەردا دەگیرێت

 بەوێنە.. لە شارەزوور دەست بەسەر کارگەیەکی ماددەی ھۆشبەردا دەگیرێت
ئاسایشی شارەزوور دەست بەسەر کارگەیەکی بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەردا دەگرێت و باندێکی دروستکردنی ماددەی ھۆشبەریش دەستگیر دەکات.

لە ڕاگەیەندراوێکدا، بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی شارەزوو رایدەگەیەنێت، هێزەکانی ئاسایش لە رۆژی 5ـی تەمموزی 2016 بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی شارەزوور و بەپێی ماددەی 14ـی ماددەیی هۆشبەر، باندێکی سێ کەسییان دەستگی کردووە.

بەپێی راگەیەندراوەکەی ئاسایشیی شارەزوور (هەڵەبجەی تازە)، ئەو باندە لەناو خانوویەکدا کارگەیەکی دروستکردنی ماددەی ھۆشبەری جۆری (شیشە)یان دانابوو، بۆ ئەو مەبەستەش کەسێکی بەرەگەز ئێرانی شارەزای دروستکردنی ماددەکەیان ھێناوەتە ھەرێمی کوردستان.

لەبەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو، لەو کارگەیە ماددەکانی (ئەسید، فۆسفۆر، پاودەر، سۆدیۆم، گۆگرد، حەب و ئەسیتۆن) دەستیان بەسەردا گیراوە.

هەروەها لە رۆژی 2ـی تەمموزدا ، ھێزەکانی ئاسایش لە شاری سەیدسادق لە پارێزگای هەڵەبجە، لە گوندی (قاینجە)ی سەر بەو شارە کەسێکیان دەستگیرکردووە، کە ئۆتۆمبیلێکی جۆری (BMW) پێبوو، لەگەڵ بڕی (165) حەبی فەلکراوی تێدابوو.










باسنیوز
Top