گوتەبێژی سەرکردایەتیی پارتی لە سلێمانی: ئەوەی پەکەکە کردی مەترسییە
دوای ئەوەی ڕاگەیاندنەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، دەستگیر کردنی ژمارەیەک کادیری پارتییان ڕاگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە 11\7\2016، فارس نەوڕۆڵی، گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی ڕایگەیاند: “چۆن پەکەکە بەبێ گەڕانەوە بۆ حکوومەت و بازدان لەسەر دامەزراوە شەرعییەکانی هەرێمی کوردستان چەکدارەکانیان لە ناو کوردستانی باشوور خەڵک دەستگیر دەکەن؟ خۆشیان دەبنە دادوەر”. جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەوەی پەکەکە کردوویەتی، لادانە لە سەر دامەزراوە شەرعییەکان و دەبێت دامەزراوە ئەمنییەکان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەدواداچوون بکەن و لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو ڕووداوە بکەن، وەک ئەو گوتی.
نەورۆڵی لە لێدوانەکەیدا دووپاتی کردەوە: “ئەوەی پەکەکە کردوویەتی، مەترسییەکی گەورە لەسەر ئاسایشی هەرێمی کوردستان دروست دەکات و دەبێت ڕوونکردنەوە لەمبارەیەوە بدرێت".
باسنیوز
