غەسان شەربل نووسەرى ناوداری عەرەب: مسعود بارزانی گوللەیەکی ژەهراوی لە جەستەی سایکس بیکۆ دا
غەسان شەربل، سەرنووسەری رۆژنامەی (ئەلحەیات) لە میانی وتارێکیدا رایگەیاندووە، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دڵەڕاوکێی وڵاتانی دەوروبەری سەبارەت بە هەنگاوەکانی خوێندووەتەوە، ”بۆیە زۆر بە پارێز و ئاگادارییەوە“ هەنگاوەکانی دەهاوێژێت.
غەسان شەربل باسی رووداوێکی چەند ساڵێک پێش ئێستا دەکات و رایدەگەیەنێت، بەشار ئەسەدی سەرۆکی رژێمی سووریا رەتی کردەوە وەک سەرۆکی هەرێم پێشوازی لە بارزانی بکات، بەڵام دوای شەڕی ناوخۆیی سووریا، کە لە مانگی ئاداری 2011 دەستی پێکردووە، رازی بوو وەک سەرۆکی هەرێم پێشوازی بکات و داوەتنامەی بۆ نارد، بەڵام بارزانی گوتی ”ئیدی کاتەکە لەبار نەماوە“.
ئەو نووسەر و رۆژنامەنووسەی عەرەب پێیوایە هەڵبژاردنی بارزانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2005 پێشینەی نەبووە و هەر لەو کاتەشدا سەردانی بارزانی کردووە و هەستی بەوە کردووە، کە ”کوڕی مەلا مستەفا بارزانی گوللەیەکی ژەهراوی لە جەستەی سایکس بیکۆ داوە“.
غەسان شەربل ئاماژە بەوەش دەکات، کوردانی کوردستانی باشوور هەلی مێژوویان بە رووخاندنی سەدام قۆستەوە و کوردانی کوردستانی رۆژئاواش هەڵێکی مێژوویی لە شەڕەکانی سووریا دەقۆزنەوە، بەمەش کوردستانی رۆژئاوا گوللەی دووەمی لە نەخشەی رێککەوتننامەی سایکس بیکۆ دا.
شەربل لە وتارەکەیدا، کە رۆژی 4ـی تەمموزی 2016 بڵاوی کردووەتەوە، هۆشداریی دەداتە بەرپرسانی کوردستانی رۆژئاوا و رایدەگەیەنێت، رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا بە ئاگا هاتووەتەوە لەوەی مستەفا کەمال ئەتاتورکی دامەزرێنەری کۆماری تورکیا رکابەری ئەو نییە، بەڵکو عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و قوتابییەکانی رکابەری ئەون.
ئەو نووسەرە بەڵگە بۆ هۆشدارییەکەی بە گوتەیەکی سەدام حوسێنی سەرۆکی رژێمی پێشووی عێراق دەهێنێتەوە، کە بە ئیدریس بارزانی، برای مەسعود بارزانی و یەکێک لە سەرکردەکانی شۆڕشی ئەیلولی گوتبوو، ”ناچارم مەکەن سازش بۆ ئێران بکەم“، وەک ئاماژەیەک بۆ رێککەوتنی لە ناکاوی ئەردۆغان ئەسەد.
غەسان شەربل باس لەوەش دەکات، کە رێگرتن لە سەربەخۆیی کوردستان و جیابوونەوەی کوردستانی باشوور لە عێراق و خنکاندنی خەونی کوردان ”سەختە“، چونکە ئەمریکا ”ئامادە نییە دژی ئەو خەونە بووەستێ و ئەردۆغانیش حەزی بە نازناوی پارێزەری کەمینەکانە“.
لە کۆتایی وتارەکەیدا، شەربل جەخت لە کۆتایی هاتن و سڕانەوەی نەخشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بیری نەتەوەپەرستیی عەرەب، کە میشێل عەفلەقی دامەزرێنەری حزبی بەعسی عێراق و سووریا دایڕشت، لە ناوچەکە دەکات و دەڵێت، ”گوێم لە گریانی نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و بۆنی فرمێسکی میشێل عەفلەق لە گۆڕەکەی دەکەم“.
لە ساڵی 1916، هەردوو دیپلۆماسی فەرەنسی فرانسوا جۆرج بیکۆ و بەریتانی مارک سایک، رێککەوتنێکیان واژۆ کرد و بەپێی رککەوتنەکە، گەلی کورد و خاکی کورستانیان بەسەر هەرچوار وڵاتی عێراق، سووریا، تورکیا و ئێران دابەش کرد.
باسنيوز
