د.ئاراس: شاناز دژایەتی پارتی و ئەزموونی ئەو هەرێمە دەکات. بەلام هیچ حسابیان بۆ ناکەین

د.ئاراس: شاناز دژایەتی پارتی و ئەزموونی ئەو هەرێمە دەکات. بەلام هیچ حسابیان بۆ ناکەین
ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتیی کوردستان بە توندی وەڵامی ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی دایەوە و جەختی لەوە کردەوە کە هیچ حسابیشیان بۆ ناکەین.

ئەمڕۆ یەکشەممە 10\7\2016، د.ئاراس حەسۆ میرخان، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتیی کوردستان، ڕاگەیاند: ”ئێمە قسەکانی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بە هەڵوێستی فەرمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نازانین، شاناز لەمێژە بۆچوونەکانی لای پارتی ڕوونە، دژایەتیکردنی پارتی و ئەزموونی ئەو هەرێمە دەکات“.

جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەوان زۆر جار ئەم جۆرە هەڵوێست و بۆچوونانەیان لە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بیستووە و گوتی: ”شاناز خان نەخۆشییەکی دەروونی بەرامبەر بە پارتی هەیە، ئەمەش بۆ مێژووێکی کۆن دەگەڕێتەوە و حیسابیش بۆ قسەکانی ئەو ناکەین، تەنانەت یەکێتیش زۆرجار جەختی لەوە کردووەتەوە کە قسەکانی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد گوزارشت لە بۆچوونی یەکێتی ناکات“.

هەروەها د. ئاراس کە ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتیی کوردستانە ئەوەشی ڕوون کردەوە: ”هەموو بابەتەکانی ئاساییکردنەوەی دۆخی پەرلەمان و دۆخی سیاسیی کوردستان، پەیوەستن بە مەسەلەی ڕیفراندۆم و سەربەخۆییەوە، لای پارتی ئەمە لە ڕێزبەندیی یەکەمە و هەر شتێک دەکرێت، دەبێت بۆ ئەوە بکرێت کە ئێمە ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی دەکەین“.

پێشتر شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خوشکی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە نوسینەکدا ڕایگەیاندبوو، ئەگەر شاندەکەی یەکێتی بە مەبەستی تاوتوێکردنی پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان سەردانی پارتی دەکات، ئەوا پێویست ناکات بگەڕێنەوە و هەر لەوێ ببنە ڕاوێژکار، و دەشلێت: ئەگەر شاندەکەی یەکێتی بەتەمان بڕۆنە لای پارتی و باس لە مەسەلەی فەرەیدون عەبدولقادر و ڕیفراندۆم و سەربەخۆییە نیمچە ئیماراتییە سعوودییە داش خەلیفە ئوردوغانییەکە بکەن، ئەوا نەچوونیان گەورەییە، ئەگەر دەشڕۆن و پڕۆژەی نوێیان دەدەنێ و تەنازول دەکەن، ئەوا چاکترە ئەو شاندەی کە بەشداری دانیشتنەکە دەکات، نەگەڕێتەوە سلێمانی و هەر لەوێ پۆستی ڕاوێژکاری وەربگرن”.





رۆژانەهەوال
Top