بەرپرسێکی وەزارەتی ئەوقاف: وتارەکانی دکتۆر (عەبدولواحیدی بانگخواز) لە ڕادیۆی داعشەوە پەخش دەکرێت
ئەمڕۆ یەکشەممە 10\7\2016، مەریوان نەقشبەندی، بەرپرسی پەیوەنییەکانی وەزارەتی ئەوقاف، ڕایگەیاند: “هیچ وتارخوێنێکی کورد لەناو شاری مووسڵدا نییە، ئەوەی ماوەتەوە تەنیا 40 کەسی کوردن لەناو داعش ماونەتەوە”.
نەقشبەندی لە لێدوانەکەیدا ئەوەی ڕوون کردەوە: “پێشووتر یەکجار مەلا شوان، بە کوردی وتاری لە حەویجە داوە، بەڵام ئاگادارین لە ڕادیۆی داعشەوە، وتاری هەندێک لە مامۆستایانی ئایینی بڵاو دەکرێتەوە، بەتایبەت وتارەکانی دکتۆر عەبدولواحید، کە وتارێکی کۆنی هەیە و ئێستا لێ دەدرێتەوە، وەک ئەوەی بەخەڵک بگەیەنن تازەیە، بەتایبەتی ئەو وتارەی کە باسی ئاڵای کوردستانی دەکرد و دەیگووت ئەم پەڕۆیە چییە خەڵک خۆی لەسەری بە کوشتن دەدات، لە کاتێکدا ئەمە خەڵکی عەلمانی لە دەوری کۆبووەتەوە و نابێت خەڵک خۆی بەکوشتن بدات لەسەری”. ئەوەشی ئاشکرا کرد کە وتارەکەی د. عەبدولواحید لەبارەی کوردانی ئێزدیش، بەکار دەهێندرێت.
ئەوەشی دووپات کردەوە کە ئەم وتارەی عەبدولواحید محەمەد، بە سەنگەرەکانی پێشمەرگەش گەیشتووە، بۆیە: لەگەڵ وەزارەتی ڕۆشنبیری لە هەوڵ داین بۆ داخستن و تەشویش خستنە سەر ئەو ڕادیۆییەی داعش".
دکتۆر عەبدولواحید یەکێکە لەو بانگخوازانەی شاری سلێمانی کە زۆر لە کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستانەوە نزیکە و وتارەکانی لە کەناڵی (پەیام)ی سەر بەو حزبە پەخش دەکرێت.
باسنیوز
