کۆمپانیای نالیا خانووی هاووڵاتییانی لە جێگای قەرز خستووەتە بارمتەوە

 کۆمپانیای نالیا خانووی هاووڵاتییانی لە جێگای قەرز خستووەتە بارمتەوە
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کرد، کۆمپانیای نالیا کە شاسوار عەبدولواحید، خاوەنی کەناڵی (ئێن ئاڕ تی) خاوەندارێتی دەکات، بڕی 50 ملیار دیناری حکوومەت قەرزارە و لە بەرامبەردا خانووی پڕۆژەیەکی وەک بارمتە تۆمار کردووە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 10\7\2016، فرسەت سۆفی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە مەبەستی پەرەپێدانی کەرتی بارزگانی، بڕیی 725 ملیار دیناری وەک قەرز بە کۆمپانیاکان داوە کە لە نێویاندا 50 ملیار دینار، بە کۆمپانیای (نالیا) دراوە“. ڕوونیشی کردەوە: ”دەبووایە لەکاتی خۆیدا ئەو کۆمپانیایە قەرزەکەی بداتەوە و ئەو قازانجەش بدات بە حکوومەت کە بەھۆی ئەو قەرزەوە کردوویەتی، بەڵام تاوەکوو ئێستا کۆمپانیاکە قەرزەکەی نەگەڕاندووەتەوە و لەبەرامبەریشدا خانووەکانی گوندی ئەڵمانی کە موڵکی هاووڵاتییانە، خستوویەتییە ڕەهنەوە".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەو ئەندامەی لێژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی کوردستان، ئەوەشی گوت: ”بەپێی یاسا، ھەر کاتێک حکوومەت بیەوێت قەرزەکەی وەربگرێتەوە، دەبێت خانووەکانی گوندی ئەڵمانی بفرۆشێت، لەکاتێکدا ئەو خانووانە موڵکی هاووڵاتییانن و بە پارەی خۆیان کڕیویانن".

کۆمپانیای نالیا کە جگە لە کەناڵی (ئێن ئاڕ تی)، خاوەنی چەندان پڕۆژەی بازرگانی و گەشتیارییە لە شاری سلێمانی، لە لایەن هاوبەشەکانیەوە بە بەردەوامی گلەیی لێ دەکرێت، ڕۆژی هەینیی ڕابردووش، سەدان کەس لە خاوەن پشکەکانی پڕۆژەی گەشتیاریی (چاڤی لاند)، کۆمپانیاکەیان بەوە تۆمەتبار کرد کە قازانجی پشکەکانیان پێ نادات و مافەکانیان دەخوات.










باسنیوز
Top