یەکێتی: قسەکانی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد فەرمی نین
لە نووسینێکیدا شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خوشکی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، ئاماژەی بەوە کردووە،: “ئەگەر شاندەکەی یەکێتی بەتەمان بڕۆنە لای پارتی و باس لە مەسەلەی فەرەیدون عەبدولقادر و ڕیفراندۆم و سەربەخۆییە نیمچە ئیماراتییە سعوودییە داش خەلیفە ئوردوغانییەکە بکەن، ئەوا نەچوونیان گەورەییە، ئەگەر دەشڕۆن و پڕۆژەی نوێیان دەدەنێ و تەنازول دەکەن، ئەوا چاکترە ئەو شاندەی کە بەشداری دانیشتنەکە دەکات، نەگەڕێتەوە سلێمانی و هەر لەوێ پۆستی ڕاوێژکاری وەربگرن”.
لە بەرامبەردا، فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی، لە وەڵامی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، ڕایگەیاند: “بۆچوونی فەرمیی یەکێتی، مەکتەبی سیاسیی یەکێتییە و قسەکانی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دەربڕی بۆچوونی فەرمیی یەکێتی نییە”. جەختیشی لەوە کردەوە: “ئێمە قسە لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بەفەرمی وەردەگرین، ئەوەی دیکە بۆچوونی کەسییە".
باسنیوز
