شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: من دژی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستانم و داواش لە شاندی یەکێتی دەکەم بۆ ئەم بابەتە سەردانی پارتی نەکەن

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد:  من دژی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستانم و داواش لە شاندی یەکێتی دەکەم بۆ ئەم بابەتە سەردانی پارتی نەکەن
ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە خوشکی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی ئەو حزبەیە، بە ئاشکرا دژایەتیی سەربەخۆیی کوردستان دەکات.



لە نووسینێکیدا کە بە ناونیشانی (ئەگەر ئەڕۆن مەیەنەوە)، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی سەرکردایەتی و لێپرسراوی ڕێکخستنەکانی دەرەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ماڵپەڕەکانی سەر بە یەکێتیدا بڵاو کراوەتەوە، ئاماژەی بەوە داوە: ”هەق نییە کەس لەگەڵ پارتیدا کۆببێتەوە، پێش ئەوەی پارتی داخوازییەکانی میللەت جێبەجێ بکات، لەوانەش کاراکردنەوەی پەرلەمان“ و چەند پرسێکی دیکە. هاوکات چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداشی بە یەکێک لەو مەرجانە داناوە کە بە بڕوای ئەو، پێویستە لایەنەکان پێش کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی، دەبێت بە پارتی جێبەجێ بکەن.



لە بەشێکی دیکەی نووسینەکەیدا شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دەڵێت: “ئەگەر یەکێتی بە تەمایە پاش جەژن لەگەڵ پارتی دابنیشێت بۆ ئەوەی کە دووبارە نیگەرانییەکانی پارتی بڕەوێنێتەوە، ئەوە باشترە کە دانەنیشێت. ئەگەر دەڕوات بۆ ئەوەی کە هاوپەیمانیتییەکەی نێوان یەکێتی و گۆڕانیان دووبارە بۆ شی بکاتەوە، ئەوە پێویست بە دانیشتن ناکات، چونکە خاڵەکان زۆر بە کوردییەکی سادە و ڕوون و ڕەوان نووسراونەتەوە”.



ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی کە بەشێکی زۆری سیاسەتی ئەو حزبە لە لایەن ئەو و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدی خوشکیەوە ئاراستە دەکرێت، جەختی لەوە کردووەتەوە: “ئەگەر بەتەمان بڕۆن و باس لە مەسەلەی فەرەیدون عەبدولقادر و ڕیفراندۆم و سەربەخۆییە نیمچە ئیماراتییە سعوودییە داش خەلیفە ئوردوغانییەکە بکەن، ئەوا نەچوونیان گەورەییە، ئەگەر دەشڕۆن و پڕۆژەی نوێیان دەدەنێ و تەنازول دەکەن، ئەوا چاکترە ئەو شاندەی کە بەشداری دانیشتنەکە دەکات، نەگەڕێتەوە سلێمانی و هەر لەوێ پۆستی ڕاوێژکاری وەربگرن”.



چاودێران پێیانوایە کە سیاسەتی یەکێتی هەمان ئەو قسانەیە کە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لەبارەی سەربەخۆیی کوردستانەوە دەیڵێت و مەرجی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بە پێشمەرج دەزانێت. بە تایبەتیش لە کاتێک دا کە لە دوو هەفتەی رابردوودا، شاندێکی هاوبەشی یەکێتی و گۆڕان، سەردانی نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراقیان لە بەغدا کرد کە بە بەرپرسیاری یەکەمی بڕینی قووتی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەزاندرێت.










باسنیوز
Top