لە 17ی شوبات تا ئەمڕۆ پێیانوایە ئازادی ئەوەیە بارزانی لاببەن و حکومەت هەڵوەشێتەوەو تەسلیم بە بەغداش رەوایە

لە 17ی شوبات تا ئەمڕۆ پێیانوایە ئازادی ئەوەیە بارزانی لاببەن و حکومەت هەڵوەشێتەوەو تەسلیم بە بەغداش رەوایە
نووسەر و ڕۆژنامەنووسێک، بە توندی ڕەخنە لەوانە دەگرێت کە قسە لەبارەی پرسی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەکەن و جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەر ئەو لایەنانە خۆیان شەرعیەتیان بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوە.
ڕوا بەرزنجی: بارزانی، شەرعییەتی هەیە، ئەسڵی شەرعییەتەکەی لە پەرلەمان و دەنگدەرەوە نییە، شەرعییەتی لە عەقڵی سیاسیی کوردییەوەیە، هێز و شەرعییەتی بارزانی لەسەروو کورسی و پۆستەکەوەیەتی کە ڕووخسارێکی یاسایی و دەوڵەتدارییە. ڕوونیشی کردووەتەوە: “بارزانی، شەرعییەتی لە هێزەکانیتر و عەقڵی سیاسیی کوردی بە گشتی وەرگرتووە، لەوەی هیچیان گوتار و عەقلێکی سیاسیی جیاوازییان نییە، لەوەی بە ئەزموون و کردار نەیان سەلماند ئەوان جیا لە بارزانی بڕوایان بە ئازادی و دیموکراسی و سەروەریی یاسا هەیە، هێزەکان ئەوەندەی هەوڵیانداوە لە حزبەکەی بارزانی و خودی بارزانی بچن، هیچ کات کاریان لەسەر دەرخستنی جیاوازیی خۆیان نەکردووە”.

بە بڕوای ئەو نووسەرە، باوەڕبوون بە ئازادی و سەروەریی یاسا، دابەشکاری تێدا ناکرێت، بەڵام لە عەقڵی کوردی و ڕۆژهەڵاتی ئیسلامیدایە، کە ڕایانوایە ئازادی تەنها گۆڕینی دژەکانیانە. دەشڵێت: “لە خۆپیشاندانەکانی 17ی شوبات، هەمووان داوای ئازادییان دەکرد، بێ ئەوەی کەس پرسیاری لە خۆی کردبێت ئایا ئازادی چییە؟ ئازادی ئەوەیە بارزانی لابەین و حکومەت هەڵوەشێتەوە، بەڵام کاتێک خانمێک دەچێتە سەر بڵندگۆکە و شیعرێک بخوێنێتەوە و وشەیەکی تێدابێت لەبارەی ئەنفالەوە کە ئیسلام بەرپرسیار دەکات، بە هەزاران پیاو هوهای لێدەکات، بۆیە لێرەوە تێدەگەین کە ئەم عەقڵیەتە توانای گۆڕانکاری نییە و توانا و شەرعییەتی بارزانیش لەم بیرکردنەوەیەوە هاتووە”.
بڕوا بەرزنجی لە نووسینەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە،لە وڵاتێکدا بە سەدان ژن بەناوی ئەخلاقەوە بکوژرێت، بەڵام “گەندەڵی و دزی تێیدا بێ ئەخلاقی نەبێت”، لە وڵاتێکیدا لە پایەختەکەی لەسەر وتارێک یان شیعری نووسەرێک هەزاران هاووڵاتی بێتە سەر شەقام و دەماری ملی هەڵستێت، ئەوەندە هاوار بکات و داوای ماف بۆ خودا بکات و پێی وابێت کە ئەرکی ئەوە خودا بپارێزێت، بەڵام ڕۆژێک لە ڕۆژان بۆ مافی خۆی نەیەتە سەرشەقام، ماف بە ژن ڕەوا نەبینێت، ئیتر چۆن داوای دیموکراسی و ئالوگۆڕی دەسەڵات دەکەن؟.

هاوکات نووسیویەتی: “ئەوەی شەرعییەت دەدات بە بارزانی، هێزەکانیترن لە یەکێتی و گۆڕانەوە بۆ ئیسلامییەکان تا دەگات بە حزبەکەی حەمەی حاجی مەحموود”.

لەبارەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیشەوە، بەرزنجی بە ڕاشکاوی دەڵێت: “یەکێتی، کە تا ئێستا هێزی ڕاستەقینەیە بۆ ڕکابەری پارتی، بەڵام هەموو هەوڵی ئەوە بوو لە پارتی بچێت، هێزێک نەتوانێت کۆنگرە بکات، هێزێکی سیکۆلاری و سۆسیال دیموکرات، نیوەی مەکتەب سیاسییەکەی نەخوێنەوار بن، لە نیوەی زیاتری، زیاد لە سێ نەخۆشی هەیە و بە هەموو پێوەرێک دەبێت لە ماڵەوە یان نەخۆشخانە چارەسەر وەربگرن، هێزێک 40 ساڵ لەمەوبەر مەکتەب سیاسییەکەی دەستەبژێرێکی خوێنەوار و گەنج بوون، کەسانی نموونەیی و سمبوڵی خەبات و بیربوون، بەڵام ئەمڕۆ بازرگان و سیاسیی نەخوێنەوار سەرکردایەتی ئەم هێزە دەکات، کە 40 ساڵ لەمەوبەر کەڵکیان نەبووە قسە بۆ خەڵکی گوندێکیش بکەن”.

لە کۆتایی نووسینەکەیدا، ئەو ڕۆژنامەنووسە تیشکی خستووەتە سەر پەرلەمانی کوردستان و دەڵێت: “گاڵتەجاڕییە پیمان وابێت، ئەو بینا بێ ئەهمیەتەی کە زۆر دەمێکە شکۆی شکاوە، پەرلەمانتارەکان تێیدا کۆبوونەوە، دەتوانن شەرعیەت لە بارزانی بسەننەوە یان بیدەنێ، ئەوانەی دەیانەوێت شەرعیەتی لێ بسەننەوە، دەمێکە شەرعیەتیان داوە بە بارزانی و یاسا و دیموکراسییان بێ شەرعییەت کردووە. بارزانی لە پەرلەمانەوە ناگۆڕدرێت، دەبێت هەمووان پێش وەخت شەرعیەت بە دیموکراسی و یاسا لە دەرەوەی پەرلەمان بدەنەوە”. دووپاتیشی کردووەتەوە: “گەمژەییە لەم ژینگەیە چاوەڕێ بیت بارزانی بڕوای بە دیموکراسی بێت و پابەندی یاسایەک بێت، کە دەزگایەکی بێ شکۆ و کەسانێکی تێنەگەیشتوو لە یاسا دایان ناوە”.

Top