سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی بلآوکردەوە و ئیدانەی پەلامارە تیرۆریستییەکەی سەر مەزاری سەید محەمەد كوڕی ئیمامی هادی دەكات.

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا، سەرەخۆشی لە کەس و کاری قوربانیانی تەقینەوەکە دەکات و پەلاماردانی شوێن و مەزارگە پیرۆزەكان و تەقاندنەوەیان نیشانەی ئەوپەڕی بەدڕەوشتیی تیرۆریستانی دوژمنی خودا و مرۆڤایەتییە.

دەقی ڕاگەیاندراوەکەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان:


سەرلەبەیانیی ڕۆژی هەینی 8ـی 7ـی 2016 لە ئەنجامی پەلاماری دڕندانەی تیرۆریستان بۆ سەر مەزاری سەید محەمەد كوڕی ئیمامی هادی (د. خ) لە قەزای بەلەد دەیان هاووڵاتیی شەهید و بریندار بوون.

لێرەدا سەرەخۆشی لە كەسوكاری شەهیدانی ئەو كردەوە تیرۆریستیە دەكەین و هیوای چاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین. لەهەمانكاتدا زۆر بە توندی ئیدانەی پەلاماری تیرۆریستی بۆ سەر مەزاری سەید محەمەد كوڕی ئیمامی هادی و شەهیدكردنی هاووڵاتیان دەكەین. پەلاماردانی شوێن و مەزارگە پیرۆزەكان و تەقاندنەوەیان نیشانەی ئەوپەڕی بەدڕەوشتیی تیرۆریستانی دوژمنی خودا و مرۆڤایەتییە.

تیرۆریستان دوژمنی هاوبەشی هەموو پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانن و هەر لەو سۆنگەیشەوە گەلی كوردستان كە خۆی قوربانیی دەستی تیرۆریستان بووە هاوسۆز و هاوخەمی قوربانیانی كردەوە تیرۆریستییەكانی شارەكانی عێراقە. هەرێمی كوردستان بەهەموو توانایەك لە شەڕی تیرۆریستاندا هەماهەنگ و پشتیوانی حكوومەتی عێراقی دەبێت و لەم شەڕەدا هەردوولا لە یەك سەنگەری هاوبەشدان.

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
8ـی 7ـی 2016
Top