دیندار زێباری: دوای رزگارکردنی جەلەولا 4900 خێزان گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان

 دیندار زێباری: دوای رزگارکردنی جەلەولا 4900 خێزان گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان
لە ماوەی رابردوودا ژمارەیەک لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەردەوام تۆمەتی ئەوە دەخەنە پاڵ هێزەکانی پێشمەرگە کە رێگا نادەن خەڵکی ناوچە ئازادکراوەکان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، یاخود بە زۆر لە شوێنەکانی خۆیانیان دوور دەخەنەوە لە کاتێکدا کە خەڵکی ئەم ناوچانە ئارەزووی مانەوەیان هەیە لەسەر زێدی خۆیان هەیە.

د. دیندار زێباری، سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوە کرد کە هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەک رێگر نەبوونە لەبەردەم گەڕانەوەی خەڵک بۆسەر ماڵ و حاڵی خۆیان بەڵکو بەردەوام هاوکاری هاووڵاتیانی عەرەبیان کردووە لە گەڕانەوە بۆسەر ماڵ و حاڵی خۆیان و ئاوەدان کردنەوە و پاراستنی گوندەکانیان بەجۆرێک کە پاش رزگارکردنی ناوچەی جەلەولا لەژێر دەستی داعش تا ئێستا زیاتر لە نیوەی ئەم ناوچەیە ئاوەدان کراوەتەوە و لە رۆژی (١٣/١/٢٠١٦)ـــەوە تا ئێستا بەپێی بەرنامە لە کۆى هەشت گەڕەک چوار گەڕەک ئاوەدانکراوەتەوە ئەوانیش گەڕەکەکانی (الطلیعە، العروبە، الشهداء، الجماهیر)ن لەم گەڕەکانە نزیکەى (4900) خێزان گەڕاونەتەوە ئەمەش بە ژمارەیەکی پێوانەیی دادەنرێت و دوای گەڕانەوەش ئاو و کارەبا و پێداویستییە سەرەتاییەکانیان بۆ دابینکراوە.

سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە "دامودەزگا حکومییەکان هۆکار نین بۆ نەگەڕانەوەی خەڵک بۆسەر ماڵ و حاڵی خۆیان بەڵکو بە گوێرەی توانا هاوکاری تەواویشیان دەکەن، بەڵام زۆری مین و بۆمبە دانراوەکان هۆکارێکن بۆ نەگەڕانەوەی بەشێک لە هاووڵاتیان، چونکە بەشێکی ئەم مین و تەقەمەنیانە بە جۆرێک دانراون کە زۆر جار ئەو کارەبایەی لە ئەنجامی هەورە بروسکەشەوە درووست دەبێت دەبێتە هۆى تەقینەوەیان و مەترسی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان درووست دەکات".

سەبارەت بە پرسی گەڕانەوەی خەڵکی ناوچەکە بۆ سەر زێدی خۆیان سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتەنێودەوڵەتییەکان دەڵێت کە پێویستە ئاماژە بە بارودۆخی ناوچەکانی دەوروبەری جەلەولا بکرێت، چونکە جگە لە جەلەولا چەند ناوچەیەکی دیکەش هەن کە پێش جەلەولا رزگارکراون لەوانە ناحیەکانى (عظيم، سەعدیە، میقدادیە) و راستەوخۆ دوای رزگارکردنیان لەلایەن پێشمەرگەوە خەڵکەکەی گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

لە کۆتاییدا د. دیندار زێباری گوتی: "حکومەتى هەرێم زیاتر لە تواناى خۆى باوەشى بۆ عەرەبە ڕاگوێزراوەکانى ناوچەکە کردۆتەوە و هیچ کەمتەرخەمییەکی نەکردووە، تەنانەت خەڵکی ناوچەکە ئاماژە بەوە دەکەن کە پێشمەرگە هاوکاری سەرەکیان بووە و لەبەرەمبەردا حکومەتى ئیتیحادی هەڵوێستی نەرێنی بووە و گرفت و تەگەرەى بۆحکومەتى هەرێم دروستکردووە، بەجۆرێک تەنانەت ئەو هاریکارییەی بۆ راگوێزراوانیش دێت ناهێڵن بگاتە دەستیان".










باسنيوز
Top