خاوەن پشکەکانی چاڤی لاند داوای وەرگرتنەوەی پارەکانیان دەکەن
دلێر مەحمود، خاوەن پشکی چاڤی لاند لە لێدوانێکدا گوتی:" ئەمڕۆ دژی ئەو گەندەڵییەی خاوەنی گرووپی کۆمپانیا کانی نالیا خۆپیشاندانمان کردووە و داوای وەرگرتنی مافی خۆمان دەکەین."
گوتیشی:" خودی خۆم سەرەتای ساڵی ٢٠١٢ بە بڕی 10 ملیون دینار پشکم کڕیوە، بەڵام تا ئێستا ھیچ قازانجێکم نەکردووە، لە کاتێکدا ئێمە بەڵگەمان لەبەردەستە ساڵانە ئەو پڕۆژەیە قازانجێکی زۆر دەکات، بەڵام خاوەنی ئەو پڕۆژەیە نە ئەمادەیە پارەی خەڵکی ھەژار بداتەوە و نە ئامادەشە خاوەن پشکەکان قازانجی ئەو پڕۆژەیە بدات بە خاوەن پشکەکان. "
ڕونیشی کردەوە:" خاوەنی کۆمپانیاکانی نالیا دەستی لە پشتە، بۆیە بێمنەتە بەرانبەر خاوەن پشکەکان لە کاتێکدا نزیکەی 10 ھەزار ھاووڵاتی مافی خوراوە و لەلایەن خاوەنی گرووپی کۆمپانیاکانی نالیاوە دەست بەسەر پارەکەیاندا گیراوە."
جەختی لەوەش کردەوە: " ئێمە ئەو پەڕی زوڵممان لێکراوە، ئەوەشی لێرە خۆپیشاندانی کردووە داوەی گەڕانەوەی مافی خۆی دەکات، بۆیە بەردەوام دەبین لە خۆپیشاندان ھەروەھا بە ھیچ شێوەیەک ڕێگە نادەین مافەکانمان بخورێت، بۆیە داوا دەکەین، شاسوار عەبدولواحید، خاوەنی گرووپی کۆمپانیاکانی نالیا، بە زووترین کات پارەکانمان بداتەوە، ئەگینا لە ڕێگەی دادگای نێودەوڵەتییەوە سکاڵای یاسایی تۆمار دەکەین."
باسنیوز
