کارتی تیرۆر و ئاژاوە لەلایەن گرووپی 23ی حوزەیران لە دژی هەولێر بەکار دەهێندرێ
پاش ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا ئاسایشی هەولێر، دەقی دانپێدانانی تۆمەتباری سەرەکیی هێرشبەرەکەی سەر تەلەڤزیۆنێکی شاری هەولێری بڵاو کردەوە و تێیدا تۆمەتبارەکە ئاشکرای کرد کە لە لایەن دوو کەسەوە (کە بەرپرس و کادیری کۆمەڵی ئیسلامین) بۆ کردەوەکە ڕاسپێردراوە، کۆمەڵی ئیسلامی تۆمەتەکەی ڕەت کردەوە. دواتریش بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە شێوازی جۆراوجۆر، پشتیوانییان لە کۆمەڵ کرد و پاڤێڵ تاڵەبانی، کوڕی جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە نوێنەرایەتیی بنەماڵەی تاڵەبانی، سەردانی عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستانی کرد و پشتیوانیی خۆی بۆ دەربڕی. بەو هۆیەوە چاودێران باسیان لە بوونی بەرەیەکی دیاریکراو لەبەرامبەر ڕووداوی تەقینەوەکەی تەلەڤزیۆنی (ڕووداو) لە هەولێر دەکەن.
لە لایەن خۆیەوە، عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتیی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “ئەوانەی ئاژاوەیان لە سلێمانی خولقاند، لە هەولێر بۆیان نەچووە سەر و شار بەدەر کران، بۆیە ئێستا لە ڕێگای دەست و پێوەندی خۆیانەوە دەیانەوێت ئاسایشی هەولێر تێک بدەن، بینیمان پێش ئەوەی ئەنجامی لێکۆڵینەوە دەربچێت، هەستانەوە و هەڵوێستیان دەربڕی، گوایە پشتگیری لە ئازادی و دیموکراتی دەکەن، کە ئەمە عەیبەیەکی زۆر گەورەیە و ناکرێت ئاسایشی پایتەخت بکرێتە قوربانی گەمەیەکی سیاسی و هەموو شتێکی ئەمنی بکەیتە سیاسی”.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی پارتی جەختی لەوە کردەوە، هەندێک لایەن دەیانەوێت بە شڵەقاندنی دۆخی ئەمنیی شاری هەولێر، ئامانجە گەورەکە کە بابەتی سەربەخۆیی کوردستانە، بکەنە ئەولەویەتی دووەم، وەک ئەوەی داعش هات و ئامانجی سەرەکیی ئەوکاتە بووە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش، گوتیشی: “ئێستاش دەیانەوێت ئاسایشی شار بکەنە ئەولەویەتی یەکەم". ڕوونیشی کردەوە: ”لێدوان و هەڵوێست دەربڕینەکانی گرووپەکانی 23ی حوزەیران، بەرنامەیە بۆ تێکدانی ئاسایشی شاری هەولێر کە دەست و پێوەندەکانی 23 حوزیرانن، چونکە بەو ڕێگایە نەیانتوانی فێڵ لە پەرلەمان بکەن، ئێستا دەیانەوێت بە ڕێگای توندوتیژی کودەتایەکی بەعس ئاسا بکەن".
عەلی عەونی لە لێدوانەکەیدا دووپاتی کردەوە کە بەهیچ شێوەیەک، ئەو هەوڵەی بە ئامانجی تێکدانی ئاسایشی هەولێر لە ئارا دایە، سەر ناگرێت و هەولێر بە ئارامی دەمێنێتەوە.
باسنیوز
