سەرۆک بارزانی هێزەکانی پێشمەرگەی لە میحوەری مەخموور بەسەر کردەوە و سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی کرد

سەرۆک بارزانی هێزەکانی پێشمەرگەی لە میحوەری مەخموور بەسەر کردەوە و سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی کرد
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٧ـی٧ـی٢٠١٦ بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی میحوەری شەش لە مەخمووری کرد و سەرپەرشتی کۆبوونەوەی هاوبەشی فەرماندەکانی هیزی پێشمەرگە و هاوپەیمانان و هێزەکانی سوپای عێراقی کرد.
لەو کۆبوونەوەیەدا کە وەزیری پێشمەرگە بە وەکالەت و فەرماندەی یەکەی ٧٠ و بەرپرسانی یەکەی ٨٠ و فەرماندە مەیدانییەکانی پێشمەرگە و فەرماندەیی هێزی هاوپەیمانان و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا لە سوپای عێراق و فەرماندەکانی حەشدی نیشتیمانی ئامادەی بوون، سەرۆک بارزانی لە وتەیەکدا بەبۆنەی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزەوە بە گەرمی پیرۆزبایی لە فەرماندە و پێشمەرگەکان و ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە کرد و ڕایگەیاند کە بۆ نیشاندانی هاوخەمی لەگەڵ خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان، بەبۆنەی جەژنەوە هیچ مەراسیمێک ڕێک نەخراوە و بە پێوستی زانیوە لەجیاتی هەموو پێشمەرگە و ماڵە شەهیدان، سەردانی ئەم میحوەرەی هێزی پێشمەرگە بکات و لێرەوە پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان بکات.
سەرۆک بارزانی هەروەها ڕایگەیاند کە هاتنی بۆ ئەو میحوەرە لەبەر ئەوە بوو کە لێرە هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق و هێزی هاوپەیمانان پێکەوەن تا پەیامێک بدەنە هەموو جیهان کە ئێمە پێکەوە بەرانبەر دوژمنێکی هاوبەش وەستاوین کە دوژمنی هەموو مرۆڤایەتییە و پشت بەخوا سەرکەوتنی گەورە وەدەست دەهێنین و تیرۆریستان تێکدەشکێنین. هەروەها ئامادەبوونی نوێنەرانی بەشی زۆری میحوەرەکان و لیواکانی وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەییەکانی یەکەکانی ٧٠ و ٨٠ بەڵگەی تەبایی و یەکڕیزیی هێزی پێشمەرگەی کوردستانە و، یەکڕیزیی هێزی پێشمەرگە و تێکەڵبوونی خوێنی پێشمەرگەکانمان لە سەنگەری بەرگرییدا بنەمای یەکڕیزیی گەلەکەمانە.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا کە لە کەشێکی برایانەدا بەڕێوەچوو، باسی ئامادەکارییەکانی ئازادکردنی موسڵ کرا و جەخت لەسەر هاوکاری و هەماهەنگیی لایەنەکان کرایەوە.
Top