له حاجی ئۆمەران.. سوپای پاسداران دەست بەسەر مێگەلە مەڕێكدا دەگرێت
مەغدید عەریف، بەڕێوەبەری شارەدێی حاجی ئۆمەران راگەیاند ڕێکەوتی 3-7-2016 مێگەلە مەڕی هاووڵاتی یووسف حەمەدەمین، لە كوێستانەكانی بەردەسپیان و بەردەسۆران، كە نزیكەی چەند كیلۆمەترێك لە سنووری ئێران دوورن، رانە مەڕەكەی دابڕاوە و چووەتە سنووری كۆماری ئیسلامیی ئێران و سوپای پاسدارانیش دەستی بەسەردا گرتبوو.
وەك عەریف باسی دەكات دوای ئەوەی هاووڵاتییەكە یەكەی ئیداری ناوچەكەی ئاگادار كردووەتەوە، ئەوانیش لەرێگای پاسەوانی سنوور و لایەنەكانی تری پەیوەندیدار لەگەڵ لایەنی كۆماری ئیسلامیی ئێران پەیوەندییان گرتووە و نامەیەكیان ئاراستە كردووە لەسەر ئەم كێشەیە و دواتریش دوای دوو ڕۆژ رانەمەڕەكە رادەستی خاوەنەكەی كراوەتەوە.
لە چەند ساڵی رابردوو چەند حاڵەتێكی لەم شێوەیە لەم سنوورە رووی داوە، بەڵام بەڕێوەبەری شارەدێی حاجی ئۆمەران داوا دەكات مەڕداران بۆ بەخێوكردنی ماڵاتەكانیان نزیك سنوورەكان نەكەونەوە، بۆ ئەوەی تووشی كێشەی لەم جۆرە نەبنەوە.
باسنيوز
