"٣٠ جارە لە سلیمانی دا تەقە لەبارەگانی پارتی دەکرێ..تەقەکەرێک سزا نەدراوە"

گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتیی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، تائێستا دەوروبەری ٣٠جارە تەقە لەبارەگاکانی پارتیی دیموکراتی کوردستان دەکرێت و تەقەکەران نەگیراون و سزای خۆیان وەرنەگرتووە، بۆیە ئەمجارە بێ دەنگ نابین و پێویستە تەقەکەرەكان دەستگیربکرێن و رووبەڕووی دادگا بکرێنەوە وسزای خۆیان وەربگرن، چونکە ئەمە کاریگەری بۆ سەر ئاشتی کۆمەڵایەتی ھەیە.

گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتیی دیموکراتی کوردستان (فارس نەورۆڵی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند" شەوی رابردوو سعات١١:٥٠خولەکی شەو ئۆتۆمبێلێک لەو شەقامەی بۆ کەرکووک دەچێت، تەقەی لەبارەگای ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتیی دیموکراتی کوردستانی کردووە، بەو ھۆیەوە پاسەوانێک برینداربووە و دوو ئۆتۆمبێلی کارمەندانیشمان زیانی پێگەیشتووە، بەڵام ئێستا تەندروستی پاسەوانەکە جێگیرە ، لەبەر ئەوەی گوللە بەر رانی کەوتووە.

(فارس نەورۆڵی) گوتیشی، تا ئێستا ھیچ سەرەداوێکمان لەبارەی تەقەکەرەکان دەست نەکەوتووە، بەڵام رووداوەکە ڕووبەڕووی دەستگا ئەمنیەکان دەکەینەوە کە پێویستە ئەوان بیاندۆزنەوە و رووبەڕووی دادگایان بکەنەوە.

(نەورۆڵی )ڕوونیشی کردەوە، تا ئێستا دەوروبەری ٣٠جار لەسنووری پارێزگای سلێمانی وھەڵەبجە و دەڤەرەکە بەگشتی، تەقە لەبارەگاکانی پارتیی دیموکراتی کوردستان کراوە، ھیچ کامیان لەتەقەکەرەکان ڕووبەڕووی یاسا نەکراونەتەوە.

باسی لەوەشکرد، ئەمجارە بێدەنگ نابین و بەتووندی داوا دەکەین و پێویستە تەقەکەران دەستگیربکرێن و ڕووبەروی یاسا بکرێنەوە و سزابدرێن، چونکە دۆخەکە ناسک و ھەستیارە و ئەگەر ئەم ڕووداوانە بەردەوام بێت کاریگەری لەسەر ئاشتی کۆمەڵایەتی دەبێت و بەرەو ئاقارێکی خراپ دەڕوات.











KDP
Top