سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ئیدانەی تەقینەوەکەی حەسەكە دەكات
لە راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە "ئێوارەی رۆژی سێشەممە 5ـی 7ـی 2016 لە ئەنجامی كردەوەیەكی خۆكوژی و ترسنۆكانەی تیرۆریستان لە شاری حەسەكەی رۆژئاوای كوردستان 16 هاووڵاتی شەهید و دەیان كەسی دیكەیش بریندار بوون".
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکە زۆر بەتوندی ئیدانەی تەقینەوەکە دەکات و رایدەگەیێنێت " وێڕای ئەوەی زۆر بە توندی ئیدانەی ئەم كردەوە نامرۆڤانەی تیرۆریستان دەكەین سەرەخۆشی لە كەسوكاری شەهیدانی ئەو رووداوە دەكەین و هیوای چاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین".
سەبارەت بە بریندارانی تەقینەوکە ئاماژە بەوەشدراوە کە " بە خوشك و برایانمان لە رۆژئاوای كوردستان و شاری حەسەكە رادەگەیێنین كە دامەزراوە تەندروستییەكان و دەزگە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان بە هەموو توانایەك ئامادەی پێشوازیكردن لە برینداران و یارمەتیدانی لێقەوماوانی ئەو كردەوە تیرۆریستییەن".
ئێوارەی رۆژی سێشەممە 5-7-2016 لەبەردەم نانەواخانەیەكی گەڕەكی ساڵحیەی شاری حەسەكە تەقینەوەیەك روویدا.
بەپێی زانیارییەكان تەقینەوەكە لە ئەنجامی هێرشێكی خۆكوژی روویداوە و بەو هۆیەوە 16 هاونیشتمانی شەهیدبوون، كە 2 ژن و منداڵێك لەنێو كوژراوەكاندان، بە دەیان برینداریش هەن.
