هۆشداریی دەدرێتە هاوڵاتیان لەرۆژانی جەژندا سەردانی بەنداوی حەمرین نەكەن

هۆشداریی دەدرێتە هاوڵاتیان لەرۆژانی جەژندا سەردانی بەنداوی حەمرین نەكەن
هۆشداری دەدرێتە دانیشتوانی ناحیەی سەعدییەو دەوروبەری كە لەرۆژانی جەژندا سەردانی بەنداوی حەمرین نەكەن، بەوتەی بەڕێوەبەری ناحیەكە تائێستا جموجوڵی ئەندامانی داعش لەناوچەكەدا هەستی پێدەكرێت‌و مەترسی كردەوەی "تیرۆریستی" لەئارادایە.

ئەحمەد سامر زەرگوشی بەڕێوەبەری ناحیەی سەعدییە وتی"هاوڵاتیانی ناحیەی سەعدییەو دەوروبەری ئاگاداردەكەینەوە كە لە رۆژانی جەژن و بۆنەكاندا سەردانی شوێنە جیاجیاكانی بەنداوی حەمرین نەكەن و بۆ بەسەربردنی كاتەكانیان باشترە روو لە خانەقین و ناوچە ئارامەكانی تر بكەن".

بەوتەی بەڕێوەبەری ناحیەی سەعدییە، بەنداوی حەمرین‌و زنجیرە چیاكانی حەمرین پێشتر "مۆڵگەی تیررۆیستان بوون‌و لەئێستاشدا جموجوڵ‌و چالاكی تیرۆریستانی داعش ناوبەناو لە سنووری بەنداوەكە هەستی پێدەكرێت".

ئەحمەد سامر زەرگوشی ئەوەشی خستەڕوو ماوەیەك لەمەوبەر لەو ناوچانەوە ژمارەیەك گوللە هاوەن ئاڕاستەی شارەدێی سەعدییە كرا، وتی"هەربۆیە ئەگەر هەیە داعش كۆبوونەوەی هاوڵاتیان لەسەر بەنداوەكە بكاتە ئامانج".

دوای دەستبەسەردانی گرتنی موسڵ لە 10 حوزیرانی 2014 لەلایەن داعشەوە، راستەوخۆ سەعدییەش كەوتە دەستی چەكدارانی ئەو رێكخراوە، ساڵی رابردووش ناحیەكە ئازادكرا‌و لە ئێستادا لەلایەن چەكدارانی حەشدی شەعبی‌و سوپاو پۆلیسی عیراقەوە سەرپەرشتی دۆسیەی ئەمنیی سەعدییە دەكرێت.

Top