داوا لە عەلی حەمەساڵح دەکرێت دەست لەکاری پەرلەمانتاری بکێشێتەوە
یاسین مەحموود، لە ڕۆژی 29\6\2016دا، لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، بە توندی وەڵامی لێدوانەکانی ئەم دواییەی عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستانی داوەتەوە و داوای لێی کردووە: ”کەفارەتی سوێندەکەت بدە و بۆ سەر پیشەی مامۆستایەتیی جارانت بگەڕێرەوە“ و بەپێویستی زانیوە، دەست لەکاری پەرلەمانتاری هەڵبگرێت. ئەوەشی ئاشکرا کردووە، پێشتر دوای کۆتاییهاتنی بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنی، عەلی حەمەساڵح پێی گوتووە: ”یەک ڕۆژم مابێت، مەلا یاسین بۆ تۆ و کۆمپانیای بەڕێز دەمێنم، تەنانەت پێت گوتم ناهێڵم شاری پیشەسازیی عەربەت لەسەر دەستی تۆ سەر بگرێت، چاوەڕوانم دەکرد حاقد بیت بەرامبەرمان، بەڵام ئەوەی کە ئەبینم لەم پۆستانەی چەند شەوی ڕابردووت، تۆڵە کردنەوە نییە، بەڵکو پلانێکە بۆ دابەزاندنی کەسایەتیمان و گەیاندنی زەرەر و زیانی ماددی بە کۆمپانیاکەمان، نازانم کێ لە پشتی ئەم بابەتەوەیە؟ بەڵام دڵنیام دۆستی تۆیە و نەیاری ئێمەیە“.
سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی ئەو گرووپە، لەگەڵ نووسینەکەیدا، بە چەند بەڵگەیەک بە توندی وەڵامی عەلی حەمەساڵحی داوەتەوە و جەختیشی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە بەتۆمەتی ناوزڕاندن و تۆمەتبەخشینەوە، سکاڵای یاساییان لەسەر تۆمار کردووە. دەشڵێت: ”ئەگەر ئێستا پارێزبەندیی پەرلەمانتاری نەهێڵێت بچێتە بەردەم دادگا، ئارام ئەگرین تا کاتێکی گونجاو دێت و ئەم بابەتە بۆ ڕای گشتی ڕوون بکەینەوە“.
لە کۆتایی نووسینەکەیدا مەلا یاسین پرسیاری ئەوەی کردووە: ”لە ڕاپۆرتەکەی دیوانی چاودێریی دارایی، ناوی چەند کۆمپانیایەکی دیکە هەیە، بەڵام عەلی حەمەساڵح ئامادە نەبوو ناوەکانیان بڵاو بکاتەوە کە هەر وەک ئێمە قەرزارن. بۆ هەندێک کۆمپانیاش نەرمی دەنواند و پاساوی بۆ دەهێنانەوە؟“.
باسنيوز
