ڕۆژی دووشەممە 4ـی 7ـی 2016 لە سەلاحەدین بەڕێز سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی بەرەی توركمانیی عێراقی كرد كە پێكهاتبوو لە ئەرشەد ساڵحی، سەرۆك و ئایدن مەعرووف و نەوزاد تەیمور و نورەدین قبلان و محەمەد عەلی یونس ئەندامانی سەركردایەتی و عزەدین خدر ڕاوی بەرپرسی پەیوەندییەكانی بەرەی توركمانیی عێراقی و ئازاد كورەچی جێگری ئەنجومەنی پارێزگاری هەولێر.لە كۆبوونەوەكەدا شاندی میوان سوپاسی سەرۆك بارزانی و حكوومەتی هەرێمیان كرد بۆ پەنادان و حەواندنەوەی سەدانهەزار ئاوارە لە هەرێمی كوردستان و شانازیشیان بەو پێكەوەژیانە كرد كە لە هەرێمی كوردستان لەئارادایە و پێزانینیان هەبوو بۆ ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە پشتگیریكردنی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی عێراق و هەوڵدان بۆ جێگیركردنی مافەكانیان. لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا شاندی میوان ئاماژەیان بە خەباتی هاوبەشی كورد و توركمان كرد لەپێناو ئازادیدا و ئەوەیشیان ڕاگەیاند كە هیچ نەیار و ناحەزێك ناتوانێ درز بخاتە نێوان كورد و توركمان و جەختیشیان لە پاراستنی سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و قووڵتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا و هەماهەنگی لە كاری پارلەمانی و سیاسی لە ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان و پارێزگاكان و پاراستنی ئەو دەستكەوتانە كردەوە كە بە قوربانیدان وەدەست هاتوون.لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی هەڵوێستی شاندی میوانی كرد و وێڕای ئاماژەدان بە مێژووی پڕ لە نەهامەتیی گەلانی عێراق، جەختی لەوە كردەوە كە زۆر بە قووڵی باوەڕیان بە پێكەوەژیان و ڕێزگرتن لە پێكهاتەكان هەیە و مافی نەتەوەكانیش بە ژمارەیان ناپێورێت و نەتەوە هەر نەتەوەیە و پێویستە ڕێز لە ماف و داوكارییەكانیان بگیرێت و مافەكانیان جێگیر بكرێن و، ڕاشیگەیاند كە دژی بەكارهێنانی وشەی كەمایەتی یان كەمە نەتەوەیە بۆ ناساندنی نەتەوەكان. پەیوەست بە چارەنووسی عێراقیش سەرۆك بارزانی ئەوەی خستەڕوو كە پێویستە چارەسەرێكی تازە بۆ عێراق بدۆزرێتەوە و پێكهاتەكانی عێراقیش لە بڕیاردان بۆ ئەو چارەنووسە ڕۆڵی خۆیان هەبێت. لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا سەرۆك بارزانی هێمای بە پەیامی ئاشتیخوازانەی گەلی كوردستان دا و ڕاگەیاند كە لەگەڵ دراوسێكان و گەلانی ناوچەكەدا خوازیاری سەقامگیری و پەیوەندیی مێژوویی و كولتووری و ئابووریی باشین.جێگەی ئاماژەكردنە كە لەم كۆبوونەوەیەدا فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی و مەحمود محەمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی و هێمن هەورامی و ئەحمەد كانی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادە بوون.