وەزارەتی ئەوقاف بەیاننامەیەکی لەبارەی دیاریکردنی ڕۆژی جەژنەوە بڵاوکردەوە
مەریوان نەقشبەندی بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی وەزارەتی ئەوقافی حکومەتی هەرێم ئەمڕۆ ٤ ی تەموزی ٢٠١٦ بەیاننامەی وەزارەتی ئەوقافی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە "لیژنەی باڵای بینینی مانگ لەهەرێمی كوردستان لە دیوانی وەزارەت كۆدەبێتەوە و لەهەمان كاتیشدا لەپەیوەندی دەبێت لەگەڵ دیوانی وەقفی سوننەی عێراق بۆ دیاریکردنی یەکەم ڕۆژی جەژن".
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، چەند تیمێكی شارەزا لە شوێنە جیاجیاكانی هەولێر و گەرمیان و دهۆك و هەڵەبجە و سلێمانی و ڕاپەڕین و باڵەكایەتی بەشێوەیەكی خۆبەخشانە چاودێری مانگ دەكەن و لەپەیوەندیدا دەبن لەگەڵ وەزارەتی ئەوقافدا.
وەزارەتی ئەوقاف داواش لەخەڵكی كوردستان دەكات ئەوانەی لە بواری بینینی مانگدا شارەزاییان هەیە ئێوارەی ئەمڕۆ چاودێری بینی مانگ بكەن و هەرکەسێکیش مانگی بینی دەتوانێت پەیوەندی بكات بەسەرۆكی یەكەی ئیداری سنورەکەی خۆیەوە.
