شەڕی نێوان پاسداران و حدکا کاردانەوەی زیاتر بەدوای خۆیدا دێنێت
حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)، رەتیدەکاتەوە بووبێتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر هەرێمی کوردستان و رایدەگەیێنێت ، کێشەکە لە ریشەی رژێمی کۆماری ئیسلامیداییە و لەناو جوگرافیای ئێرانە.
سەرۆکی ناوەندی توێژینەوەی ئێرانی - عەرەبی دەڵێت، راستە ئێران بە بایەخەوە پشتیوانی لە سوپاکەی خۆی دەکات، بەڵام ئەو هەڕەشەیەی لە کوردستان دەیکات، لە هەرێمێک رۆژ لەدوای رۆژدا گەشەسەندنی یەکجار زۆر بەخۆیەوە دەبینێت، کرانەوەی دیموکراسی بەخۆیەوە دەبینێت، شتێکی نامۆیە ببێتە جێی هەڕەشەی عەمید سەلامی، ئەوەشی بە مەترسیدار وەسفکرد.
لە مانگی رابردووەوە لەچەند شوێنێک لە رۆژهەڵاتی کوردستان، شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپای پاسداران و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران روویداوە، چەندین ئەندامی سوپای پاسداران لە شەڕەکاندا کوژران و بریندار بوون، بەپێی راگەیێندراوەکانی حدکا، 9 پێشمەرگە شەهید بوون.
لە نوێژی هەینی 1-7-2016 لە تارانی پایتەختی ئێران، حوسێن سەلامی جێگری فەرماندەی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هۆشداری دایە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کە پابەندی بەڵێنەکانیان بن و رایگەیاند: "هەر شوێنێک کە سەرچاوەی مەترسی بێت بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران، بەبێ هیچ دوودڵییەک خاپووری دەکەین".
لە پەیامێكشدا حكومەتی هەرێمی كوردستان، وەڵامی هەڕەشەكانی سەردار حوسێن سەلامی دایەوە و رایگەیاند "حكومەتی هەرێمی كوردستان هەڕەشەكانی سەردار سەلامی رەتدەكاتەوە و دراوسێیەتییەكی هەمیشەیی باش وەك بنەمای پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئێران دەبینێت".
