میدیاکانی پەکەکە هەوڵەکانی سەڵاحەدین بەهادین بە شکستخواردوو ناودەبەن

میدیاکانی پەکەکە هەوڵەکانی سەڵاحەدین بەهادین بە شکستخواردوو ناودەبەن
ماڵپەرەکانی سەر بە پارتی کرێکارانیی کوردستان، هەوڵەکانی ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە شکستخواردوو ناو دەبات و پێیوایە، بۆ جاری چوارەم دەستپێشخەرییەکە شکست دەهێنێت.

ماڵپەری (ڕۆژ نیوز)ی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە (3\7\2016) لە هەواڵێکدا ئاماژە بەوە دەکات، ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو دوای شکستی سێ دەسپێشخەری، ئێستا بەنیازی دەسپێشخەریی چوارەمە بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان.

ماڵپەرەکە لەهەوڵەکانی سەلاحەدین بەهادین کەم دەکاتەوە، و دەنووسێت: “سەلاحەدین محەمەد بەھادین کە ئێستا ئەمینداری گشتی یەگکرتووی ئیسلامیە لەماوەی ڕابردوودا ھەوڵی بۆچەند دەسپێشخەریەک داوە، بەڵام لەهەموویادا شکستی ھێناوە و سەرکەوتوو نەبووە، ئەمینداری گشتی یەکگرتوو چوارساڵ بەرلەئێستا دووجار ھەوڵیدا حزبە ئیسلامیەکان لەپڕۆژەیەکدا یەکبخاتەوە و بیانکات بەیەک حزبی ئیسلامی، بەڵام بەھۆی ناکۆکی نێوان کۆمەڵ و بزووتنەوەی ئیسلامی ھەوڵەکانی شکستی ھێنا و نەیتوانی ڕێکیان بخات”.

لە هەواڵەکەدا ئەوەش هاتووە، بەرلەوەی لەدوایین کۆنگرەی یەکگرتووی ئیسلامی ببێتەوە بەئەمیندار و لەکاتی قوڵ بوونەوەی کێشەکانی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق چەند جارێک بەهادین سەردانی بەغدادی کرد بۆئەوەی لەگەڵ سەرککۆمار دەسپێشخەری بکات، بەڵام ئەوجارەش سەرکەوتوو نەبوو.

ئەوەش خراوەتەڕوو: دوای سێ دەسپێشخەری و شکستەکانی، ئێستا ناوبراو بەنیازی دەسپێشخەریەکی دیکەیە، چاودێرێکی سیاسیش پێی وایە، دەسپێشخەریەکانی لاوازبوون، بۆیە جێگەی خۆیان نەگرتووە.
لە کۆتایدا ماڵپەرەکە زانیاری خۆی دەخاتەڕوو و دەڵێت: "بەپێی زانیاریەکانی ڕۆژنیوز، دوای جەژنی ڕەمەزان ئەمینداری گشتی یەکگرتوو دەست بەدەسپێشخەریەک دەکات و ناوەڕۆکەکەشی گۆڕانکاری تێداکراوە، بەجۆرێک لەسەرەتادا ھەوڵیداوە نەوشیروان مستەفا و مەسعود بارزانی کۆبکاتەوە، بەڵام دڵنیابووە لەوکارە شکست دێنێت و پەشیمان بوەتەوە".








Top