مەریوان نەقشبەندی: 100 دۆلارەکەی عەمرەکاران بۆ پێشمەرگە نییە
مەریوان نەقشبەندی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و پێکەوە ژیان لە وەزارەتی ئەوقاف رایگەیاند، حکوومەتی عێراق 50 دۆلار لە حاجی و عەمرەکاران وەردەگرێ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان 100 دۆلار وەردەگرێ.
پێشتر وا بڵاو بووەوە، کە ئەو 100 دۆلارە بۆ خەرجیی هێزەکانی پێشمەرگەیە، بەڵام مەریوان نەقشبەندی رەتی دەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، ئەو پارەیە دەچێتە خەزێنەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ”ھیچ جیھەتێکی فەرمیش نەیگوتووە ئەو پارەیە بۆ پێشمەرگەیە، لەوانەیە مەبەستیان ئەوەبێ، کە خەرجیی ئێستا زۆربەی بۆ پێشمەرگەیە و ئەو قسەیەش لەو چوارچێوەیە کرابێ".
بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و پێکەوە ژیان لە وەزارەتی ئەوقاف هەروەها رایگەیاند، کە ئەو پارەیە دەدرێتە وەزارەتی ئەوقاف و ئەوانیش رادەستی وەزارەتی دارایی دەکەن و ”وەزارەتی ئەوقاف ھەڵسوکەوت بەو پارەیە ناکات“.
باسنیوز
