ئۆجەلان: با حزبەكانی باشووری كوردستان خۆیان شەرمەزاری مێژوو نەكەن
عوسمان ئۆجەلان رایگەیاند باشووری كوردستان لە رەوشێكی تایبەتدا دەرباز دەبێت یان قەدەری گەلی كورد بە باشی دەنووسرێتەوە یان بە خراپی؛ بۆیە ئەركێكی مێژوویی لەسەر شانی هەموو لایەنە سیاسییەكان هەیە و پێویستە یەكگرتوو بن و بەرژوەندییە حزبی و شەخسییەكانیان وەلاوە بنێن.
سیاسەتمەداری كورد؛ عوسمان ئۆجەلان راشیگەیاند كە بۆ گەرەنتیكردنی دەوڵەتی كوردی؛ پێویستە هێز و لایەنە سیاسییەكان یەكگرتوو بن و پاڵپشتی بەرێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بن؛ چونكە لە باشووری كوردستان دەرفەتێك هاتۆتە پێشەوە و چاوی هەموو گەلی كوردستان لەو دەرفەتەیە و چارەسەرییەكانیش لە باشوورن؛ بۆیە دەبێت هەموو لایەك لە ئاست بەرپرسیاریەتیی مێژوودا بن.
لەبارەی رەتكردنەوەی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان و سەردانی شاندی هاوبەشی گۆڕان و یەكێتی بۆ بەغدا؛ ئۆجەلان گوتی "بێگومان دوژمنی كورد ئەوەی پێناخۆشە كە ریفراندۆم بكرێت؛ دەبێت لایەنە كوردییەكان لە جیاتی ئەوەی دڵی بەغدا و دوژمنی كورد خۆش بكەن؛ دڵی گەلی كورد خۆش بكەن و لە دژی سەربەخۆیی نەوەستنەوە و لێدوانی واش نەدەن كە دوژمنی كورد پێی ناخۆش بێت.
ئۆجەلان، تیشكی خستە سەر رەوشی باكوری كوردستان و ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی توركیا و رووسیا لە لایەك و لە لایەكی دیكەوە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و ئیسرائیل.
ئۆجەلان رایگەیاند كە ئامانج لە دروستكردنەوەی پەیوەندییەكانیان لە ئیسرائیل بۆ مەبەستی دژایەتیكردنی پرسی كوردە و ئیسرائیلیش ئامادە نییە لەسەر حسابی كورد پەیوەندییەكانی لەگەڵ توركیا بەهێز بكاتەوە و ئەزمونیشی لەوەی رابردوو وەرگرتووە.
لەبارەی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و روسیاش ئاماژەی بەوە كرد كە ئامانجی لە دەستپێكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و رووسیا، پشتگوێخستنی پرسی كورد و دۆزە رەواكەیەتی و ئێستە روسیاش پێویستی بە دۆستایەتی كورد هەیە لە ناوچەكەدا. لەبارەی دەستپێكردنەوەی دانوستانەكانی نێوان كورد و توركیا، عوسمان ئۆجەلان جەختی لە سەر دەسپێكردنەوەی دانوستانەكان نێوان كورد و حكومەتی توركیا كردەوە.
لەبارەی لەباربردنی دانوستانەكانی نێوانیشیان ئۆجەلان ئەماژەی بەوە كرد كە ئەگەر دادگایەكی نێودەوڵەتی هەبێت، پێویستە حكومەتی توركیا و پەكەكە دادگایی بكات لە سەر ئەوەی دانوستانەكانی ئاشتیان لەناو بردووە.
ئۆجەلان بە پێویستیشی دانی كە حكومەتی توركیا هەنگاوی پێویست بنێت و سەرۆك ئاپۆ ئازاد بكات و كوردیش كار لەسەر یەكخستنی ناومالی خۆی بكاتەوە و بەمەش قۆناغێكی نوێ و كەشێكی لەبار بۆ دەستپێكردنەوەی دانوستانەكان دێتە كایەوە.
ئۆجەلان لەبارەی رۆلی سەرۆك بارزانی لە هێنانە كایەی ئاشتی لە باكوری كوردستان رایگەیاند كە سەرۆك بارزانی هەوڵی ئەوەی داوە كە پرسی كورد لە باكوری كوردستان بە دیالۆگ چارەسەر بێت.
هاوكات جەختیشی لەوە كردەوە كە سەرۆك بارزانی هەموو كاتێك رۆلێكی كارای لە هێنانەكایەی ئاشتی لە باكوری كوردستان بینیوە. لەبارەی رۆل و گرنگی عەبدوڵلا ئۆجەلان بە سەر شۆرشی كورد لە باكوری كوردستانەوە ، ئاماژەی بەوەكرد كە ئاپۆ مۆری خۆی لە شۆرشی باكوری كوردستان داوە و لە سەدا نەوەد و نۆی خەلكی باكوری كوردستان باوەریان پێیەتی.
باسنیوز
